پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی لە وتارێكی 23 خولەكیدا بۆ بانگەشەی پارتی لە هەولێر، چوار جار جەختی لە گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ حیزبەكەی كردەوە و بە "قۆتاغی جێبەجێكردنی دەستوور" ناوی برد.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی، لە هەڵمەتی بانگەشە بۆ ناساندنی كاندیدەكانی پارتی لە هەولێر، وتی "ئەمە قۆناغێكی زۆر گرنگە لە عێراقدا. پێشتر قۆناغێكمان هەبوو لە ساڵی 2005 كە حكومەتی عێراق دامەزرا و دەستوور نووسرایەوە و دەنگی لەسەر درا. ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، چونكە سەرەتایەكی نوێ لە عێراق دەست پێ دەكات كە ئێمە ناوی لێ دەنێین جێبەجێكردنی دەستووری عێراق".
هەر لە كاتی وتارەكەدا نێچیرڤان بارزانی ئەم هەڵبژاردنەی بە "نائاسایی" ناو هێنا و سێ جاری دیكە قۆناغی دوای ئەم هەڵبژاردنەی لە عێراق بە "قۆناغی جێبەجێكردنی دەستوور" ناو برد و بە "زۆر گرنگ، زۆر هەستیار"یش وەسفی كرد.
جێگری سەرۆكی پارتی ڕایگەیاند كە ئەوان هیچ حیزبێكی كوردستان بە ڕكابەری خۆیان نازانن و وتیشی "كە دێتە سەر باسی دۆزی كورد، لە هەر شوێنێك، لە بەغداد و وڵاتانی دەوروبەر، پارتی بە خاوەنماڵ دەزانن".
نێچیرڤان بارزانی وتیشی، لە دوای هەڵبژاردن هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی دەستوور دەدەن.