ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

14-10-2025 12:21
سەردانی ماکرۆن بۆ هەولێر، مانگی ٨ی ٢٠٢١

پەرەگراف- ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا کۆتایی ئەمساڵ سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەو سەردانە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ڕاگەیەندرا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی فەڕەنسا باسی لە سەردانی چاوەڕوانکراوی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی دوازدەی ئەمساڵدا کرد.

هەرلەو کۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشە بودجەی تایبەت بە هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا.

"هیوادارین ڕێککەوتنی ئەم دواییەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

دەشڵێت "باڵیۆزی فەرەنسا دەستخۆشی پڕۆژە چاکسازییەکانی لێکردین و ستایشی گرنگیدانی حکومەتی بە ئەنجامدانی پڕۆژەی تایبەت بە ژینگەپارێزی کرد".