کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکرێت

12-10-2025 09:53

پەرەگراف- پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دووكان – سلێمانی ئیمزا کرا کە بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو كێشەی كەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەكات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12-10-2025 بەئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران گرێبەستی پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دووكان – سلێمانی ئیمزا کرا لە نێوان وەزیری شارەوانی و کۆمپانیای جێبەجێکار کە زیاتر لە 423 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تەواوبونی ئەم پرۆژەیە کێشەیەکی لەمێژینەی ئاوی سلێمانی چارەسەر دەکات، وتیشی "ئەم پرۆژەیە گەورەو ستراتیژی و دوورمەودایە، رۆڵی گەورەی لە چارەسەری کێشەی ئاوی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەریشی دەبێت، بەدڵنیاییەوە کوالێتی ئاوی بەرهەمهاتوو بەپێی ستانداردی عیراقی و جیهانی دەبێت".

پڕۆژەکە لە چەند بەشێک پێکدێت؛ وەرگرتنی ئاو لە ڕوباری زێی بچوک، وێستگەی خاوێنکردنەوەی ئاو بە توانای 480 هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکداو دوو وێستگەی پاڵنانی ئاو و دوو هێڵێ سەرەکیی گواستنەوەی ئاو لە دوکان بۆ سلێمانی بەدرێژایی 112 کیلۆمەتر.