بافڵ تاڵەبانی داوا لە سوودانی دەکات ڕێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن

11-10-2025 03:23

پەرەگراف- بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوەو داوای لێ کرد، ڕێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عیراق یەکبخرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکەدا جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عیراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو ڕێککەوتنەدا خراونەتە بەر باس.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عیراق و سەرۆکی یەکێتیی باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی کردووە بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.

خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "سەرۆکوەزیرانی عیراق خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگی تایبەتی بە کەسوکاری شەهیدان داوە و ئەوەش شایەنی پێزانینە".