هەسەدە دەست بە یەکگرتن لەگەڵ سوپای سوریا دەکات

11-10-2025 12:11

پەرەگراف- هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتی کورد، بەم زووانە لەگەڵ سوپای نیشتمانی سوریا تێکەڵ دەکرێن، ئەوەش هەنگاوێکە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازار لە نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدەو سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد شەرع.

عەبدی ڕایگەیاند، کە پڕۆسەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەستپێدەکات و شاندێکی هەسەدە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری سوریا لە دیمەشق کۆدەبنەوە. جەختیشی کردەوە کە یەکەکانی دژە تیرۆری سەر بە هەسەدە، لە سەرتاسەری سوریا ڕوبەڕوی تیرۆریستان دەبنەوەو چیتر تەنها لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا چالاکییان نابێت.

عەبدی وتی: "ئەو ئەزموونەی لە شەڕی دژی تیرۆردا بەدەستهاتووە، سوپای سوریا بەهێز دەکات"، و جەختی لەوە کردەوە کە هەسەدە هەوڵدەدات وەک یەکەیەکی تەواو بچێتە ناو سوپای نیشتمانی، نەک وەک سەربازانی تاکەکەسی. ئەم داوایە، کە بریتییە لە پاراستنی یەکە شەڕکەرەکانی ژنان، وەک خاڵێکی ناکۆکی لەگەڵ دیمەشق ماوەتەوە.

ڕێککەوتنەکەی مانگی ئازار ئامانجی ئەوەیە دامەزراوە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕۆژاڤای کوردستان بخاتە ناو دەزگا دەوڵەتییەکانی سوریاوە، هەریەکە لە واشنتۆن و پاریس چاودێریی ڕێککەوتن و پڕۆسەی تێکەڵکردنەکە دەکەن.

هەفتەی ڕابردوو مەزڵوم عەبدی لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوەو ڕێککەوتن لەسەر فراوانکردنی ڕێککەوتن و جێبەجێکردنی ئاگربەست لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ کەمکردنەوەی پێکدادانە بەتایبەت لە شاری حەلەب.