كەجەكە وەڵامێكی توندی نێچیرڤان بارزانیی دایەوە و دەڵێت: لێدوانەكەت قبووڵنەكراوە

10-10-2025 09:25

پەرەگراف- كەجەكە كاردانەوەی توندی دژی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی دەربارەی پەكەكە نیشان دا و ڕایدەگەیەنێت "بە تەواوی قبووڵنەكراوە". هەروەها قسەكانی سەرۆكی هەرێم بە "قسەكردن بە ئارگیومێنتەكانی دەوڵەتی تورك" ناو دەبات و دەشڵێت "دۆخێكی مانادارە كە بەر لە سەردانەكەی بۆ توركیا، ئەم لێدوانە نەرێنییەی بڵاو كردەوە".

ڕۆژێك بەر لە سەردانەكەی بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیداری میریدا لە هەولێر وتی "پەیامەكانی سەرۆك ئۆجەلان زۆر ڕوونە و قەندیل دەزانێت دەبێت چی بكات، بەڵام نایكات. لە ڕوواڵەت و بە قسە دەڵێن ئێمە بەقسەی سەرۆك ئۆجەلان دەكەین، بەڵام كە دێتە سەر جێبەجێكردنی، ڕێك پێچەوانەكەی دەكەن".

سەرۆكی هەرێم مامەڵەی پەكەكەی لەگەڵ پرۆسەكە بە "یاریی كەشف" ناو برد و وتیشی "ئەمە بێهیوایی تەنانەت بۆ سەرۆك ئۆجەلانیش دروست دەكات و زیان لە كورد و لە پرۆسەكەش (پرۆسەی ئاشتی) دەدات".

كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە - كە چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم ڕێكخراوەكانی سەر بە پەكەكەیە)، بە ڕاگەیەندراوێك وەڵامی قسەكانی سەرۆكی هەرێمی دایەوە و دەڵێت "نێچیرڤان بارزانی بە هەڵسەنگاندنە نادادپەروەرانەكانی و پێچەوانەكردنەوەی ڕاستییەكان، هەڵوێستێكی نەرێنی نیشان دا كە زمان و عەقڵییەتی دژبەرانی چارەسەری دووبارە دەكاتەوە".

"هەڵە و كەموكووڕییەكی گەورەیە كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەركێكی وەها هەڵدەستی، وەك ئەوەی ‘ناكۆكی‌ لەنێوان ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەكەماندا هەبێت، وەها نیشان دەدات و هەوڵ دەدات تێگەیشتنێكی بەو شێوە درووست بكات كە گوایە پەكەكە گوێ بە ڕێبەر ئاپۆ نادات"، كەجەكە وا دەڵێت.

كەجەكە لەگەڵ ڕەتكردنەوەی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی، ڕایشیدەگەیەنێت كە چاوەڕوانیی ئەوەی لێ‌ دەكەن "دەستبەرداری ئەو هەڵوێستە نەرێنییانەی بێت".

ڕۆژی 08-10-2025، لە كاتی بەشداری لە پانێڵێكی دیداری میری كە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەربارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا وتی "دوای ئەوەی سەرۆكی توركیام بینی، هەست دەكەم توركیا زۆر جیدییە لە پرۆسەكەدا، ئەگەر پرۆسەكە خاویش بێت، بەڵام بڕیارێكی جیددی هەیە كە بگاتە ئەنجام".

سەرۆكی هەرێم وتیشی "هەندێك هەنگاو هەیە دەبێت پەكەكە بینێت، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بگاتە ئەنجام، ئەوەی كە چاوەڕێ بكەن توركیا چی دەكات و دواتر ئەوان شتێك بكەن، ئەم بۆچوونە زۆر هەڵەیە و ناگاتە ئەنجام".

كەجەگە لە ڕاگەیەندراوەكەیدا جەخت دەكاتەوە كە "لە كاتێكی وەهادا كە ڕووداوی گرنگ لە ناوچەكەمان و وڵاتەكەماندا ڕوو دەدات، ڕوونە كە پڕۆژەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیكی ڕێبەر ئاپۆ چەندە گرنگ و ژیانییە". كەجەكە دەشڵێت "هەموو ئەوانەی پشتیوانیی ئاشتی، دیموكراسی و ئازادی دەكەن، بە هەستیارییەكی بەرزەوە لەو بارەوە هەڵسەنگاندنیان كردووە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەسەر هەڵوێستی بزووتنەوەكەمان و پێشكەوتنەكانی، لێدوان و هەڵسەنگاندنی نەرێنی دا".