ئاگربەستى غەززە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە

10-10-2025 11:30

پەرەگراف

ئاگربەستی غەززە چووە بواری جێبەجێكردنەوە. سوپای ئیسرائیل دەستی بە كشانەوە لە كەرتەكە و ئاوارەكانی غەززە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان كرد.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "لە كاتژمێر 12:00ـەوە ڕێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و دەكشێینەوە بۆ ئەو هێڵەی بۆمان دیاری كراوە، خۆمان بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەكان ئامادە دەكەین".

لەگەڵ ڕاگەیاندنی جێبەجێكردنی ئاگربەست، هەزاران ئاوارە بە لێشاو بەرەو شاری غەززە و باكووری كەرتی غەززە كەوتنە ڕێ‌، بەمەبەستى گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.

کەناڵى ١٢ـى ئیسرائیلى دەستپێکردنى پرۆسەى کشانەوەى سوپاى ئیسرائیلى ڕاگەیاند و بڵاوى کردەوە کە "لیواى ٤٠١ـى سوپا لە کەرتى غەززە کشایەوە".

ئەگەر قۆناغی یەكەمی پلانەكەی ترەمپ بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی غــەززە بە تەواوی جێبەجێ بكرێت، گفتوگۆكان دەربارەی وردەكاریی قۆناغەكانی دواتر دەست پێ دەكات.

🔻 خاڵە سەرەكییەكانی پلانەكە ئەمانەن:

🔸 كۆتاییهێنانی دەستبەجێی جەنگ: لە حاڵەتێكدا كە هەردوولا بگەنە ڕێككەوتن، دەستبەجێ جەنگ كۆتایی پێ دەهێنرێت.

🔸چەكداماڵین لە غــەززە: هەموو ژێرخانە سەربازییەكانی غـ.ـەززە خاپوور دەكرێن، هیچ هێزێكی چەكداریی تێدا ناهێڵرێت.

🔸 ئیدارەی كاتی: غــەززە لەلایەن لیژنەیەكی كاتیی تەكنۆكراتی فەلەستینییەوە بەڕێوە دەبرێت، كە لەژێر چاودێریی "دەستەی ئاشتی" بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و بەشداریی تۆنی بلێر، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری بەریتانیادا بەبێت.

🔸 ڕادەستكردنی كۆتایی بە دەسەڵاتی فەلەستین: دوای چاكسازییەكان، حوكمڕانیی كەرتی غــەززە ڕادەستی دەسەڵاتی فەلەستینی دەكرێت.

🔸 بێڕۆڵكردنی حــەماس: بەپێی پلانەكە، حـ.ـەماس هیچ ڕۆڵێكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە بەڕێوەبردن و كۆنترۆڵكردنی كەرتی غــەززەدا نابێت.

🔸 لێخۆشبوون و دەربازبوونی سەلامەت: ئەندامانی حــەماس لە حاڵەتی بەڵێندان بە درێژەپێدانی ژیانێكی ئاشتییانە، لێخۆشبوونیان بۆ دەردەكرێت، یان دەرفەتی ڕۆیشتن بۆ وڵاتێكی تریان بۆ فەراهەم دەكرێت.

🔸 ئازادیی جووڵەی نیشتەجێبوونی فەلەستینییەكان: هیچ فەلەستینییەك ناچار بە بەجێهێشتنی غـ.ـەززە ناكرێت، ئەو كەسانەشی كە دەڕۆن، ئازادانە دەتوانن بگەڕێنەوە.

🔸 پلانی ئابووریی ترەمپ: پلانێكی گەشەپێدانی ئابووری بۆ بونیادنانەوە و گەشەپێدانی غــەززە لەلایەن دەستەیەكی پسپۆڕەوە دادەڕێژرێت.

🔸 كشانەوەی سوپای ئیسرائیل: بەپێی نەخشەیەك كە هەفتەی ڕابردوو كۆشكی سپی بڵاوی كردووەتەوە، لە قۆناغی یەكەمدا سوپای ئیسرائیل بۆ هێڵێك دەكشێتەوە كە هێشتا نزیكەی 53٪ـی خاكی كەرتی غــەززە لەژێر كۆنترۆڵیدا دەبێت، بەڵام بە دوو قۆناغی دیكە لە داهاتوودا سوپای ئیسرائیل بە تەواوی دەكشێتەوە.

🔸 ئاڵوگۆڕی دیلەكان: دیلە زیندووەكانی ئیسرائیل كە ژمارەیان 20 كەسە، لە ماوەی 72 كاتژمێر لە دوای ڕێككەوتنەكە ئازاد دەكرێن. لە نزیكترین كاتیشدا تەرمی 28 دیل ڕادەست دەكرێنەوە. لە بەرانبەردا ئیسرائیل نزیكەی 250 زیندانیكراوی فەلەستینی كە سزای زیندانیكردنی هەتەهەتاییان هەیە لەگەڵ 1700 زیندانیكراوی دیكەی غــەززە ئازاد دەكات، هەروەها لاشەی 15 فەلەستیی لە بەرانبەر هەر دیلێكی ئیسرائیلیدا ڕادەست دەكرێتەوە.

🔸 هاوكاریی مرۆیی بۆ غــەززە: سەدان بارهەڵگر هاوكاریی مرۆیی ڕەوانەی ئەو ناوچانەی غــەززە دەكرێن كە قاتوقڕییان تێدایە.