هەولێر دەبێتە ناوەندی سەرەکیی هێزەکانی ئەمریکا لەکاتێکدا پێنتاگۆن ئەرکەکانی لە عێراق کەمدەکاتەوە
پەرەگراف
وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا(پێنتاگۆن) ڕایگەیاند کە ئەرکی سەربازیی خۆی لە عێراق کەمدەکاتەوەو زۆربەی سەربازانی ئەمەریکا دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر، لەکاتێکدا واشنتۆن سەرنج دەخاتەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە سوریا.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرپرسێکی ئەمەریکی دەڵێت، بەپێی پلانی نوێ حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی شەڕی پاشماوەکانی داعش لەناو عێراق هەڵدەگرێت، لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان سەرنج دەخەنە سەر هەڕەشەکانی لە سووری، ئەو ئەرکەش تا ڕادەیەکی زۆر لە هەولێرەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە سەرەتای ساڵی 2025دا، ئەمەریکا نزیکەی 2,500 سەربازی لە عێراق و زیاتر لە 900 سەربازی لە سووریا جێگیر کردبوو. بەپێی پلانی گواستنەوەکە، کۆی ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراقدا بۆ کەمتر لە 2,000 سەرباز دادەبەزێت، کە زۆربەیان لە هەولێر جێگیر دەکرێن. ژمارەی کۆتایی هێشتا دیاری نەکراوە و هیچ خشتەیەکی کاتیی بۆ تەواوی گواستنەوەکە نییە.
بەرپرسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە بەغدا ڕۆڵی خۆیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعشەوە دەگۆڕن و لەبری ئەوە سەرنج دەخەنەسەر هاوکاریی فراوانتری ئاسایش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق.
"داعش چیتر هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر حکومەتی عێراق یان بۆ سەر ئەمەریکا لەناو خاکی عێراق نییە. ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە کە وا دەکات بە بەرپرسیارێتییەوە بگوازینەوە بۆ ئەوەی عێراق سەرکردایەتیی ئاسایشی خۆی بکات" بەرپرسێکی باڵای بەرگری وادەڵێت.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سەر داوای حکومەتی عێراقە، لەلایەن گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام داوا دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستە فشاری تووند دەخەنەسەر حکومەت و چەندینجاریش لە پەرلەمانەوە داوایان کردووەو واژۆیان بۆ کۆکردووەتەوە، بەڵام کوردو سوننەکان پشتیوانی ئەو هەنگاوە نین و پەرلەمانتارەکانیان ئەو واژۆیەیان نەکرد.