نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە پلانی گشتگیری سەرۆک ترەمپ دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە

30-09-2025 08:21

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پشتگیری خۆی بۆ "پلانە گشتگیرەکەی" دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانییەکانی غەززە دەربڕی.

لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، بارزانی ڕایگەیاند: "پێشوازی لە پلانی گشتگیری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە و ستایشی سەرکردایەتییەکەی دەکەم."

سەرۆکی هەرێم داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییەدا بکەن. بارزانی وتی: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە بەشداری گفتوگۆ بکەن و ڕۆحی سازان پیشان بدەن لە پێناوی بەدەستهێنانی ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانییەکی درێژخایەن بۆ خەڵکی ناوچەکە."

ترەمپ دوێنێ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پلانەکەی ڕاگەیاند و بە نەخشەڕێگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و دامەزراندنی ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفی کرد.

ترەمپ ڕایگەیاند کە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لە هەر کاتێک نزیکترە، دوای ئەوەی ناتانیاهۆ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پلانە ٢٠ خاڵییەکەی کە چوارچێوەی ئاگربەست دیاری دەکات.

ئەم پلانە کە ترەمپ بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا بڵاوی کردەوە، هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندی حەماس هەیەو چەندین بڕگە لە پلانەکەدا هەیە کە پێشتر لەلایەن گروپەکەوە ڕەتکراونەتەوە. ترەمپ هێشتا هیواخواز بوو کە دوای نزیکەی دوو ساڵ شەڕ، کۆتایی بە ململانێەکە بهێنێت کە دەیان هەزار کەس بەهۆیەوە کوژراون.

پلانەکە داوای ئازادکردنی هەموو بارمتە ماوەکان دەکات کە لەلایەن حەماسەوە گیراون - چ زیندوو بن یان مردوو - لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا دوای ئەوەی ئیسرائیل بە ئاشکرا ڕێککەوتنەکە قبوڵ دەکات. ترەمپ و ناتانیاهۆ هۆشدارییان دا لە دەرئەنجامە توندەکان ئەگەر حەماس پلانەکە ڕەت بکاتەوە.

پلانەکە هەروەها حوکمڕانی بۆ غەززە دوای ململانێیەکە دیاری دەکات و داوای چەک دانان لە حەماس دەکات و ئەو گروپە ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نامێنێت و "ئەنجومەنی ئاشتی" بۆ غەززە دادەمەزرێت کە ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات.