سوودانی و مەسرور بارزانی لەبارەی نەوت و بودجە بە تەلەفۆن قسەیان کرد

27-09-2025 12:32

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی بە تەلەفۆن قسەیان کردو ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان هەردوو حکومەتیان تاوتوێ کرد، مەسرور بارزانی دەڵێت "گوتمان نابێت مووچەکانی ئەمساڵ بفەوتێن.. هاوڕابووین کە ساڵی داهاتووش هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی دەبێت".

ڕاگەیەندراوی مەسرور بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکە

ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمان لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی پێگەیشت.

هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانمان بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبرد کە لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە .

بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ سوپاسی کردین بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە گرنگە و ئێمەش دەستخۆشیمام لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە.

هیوامان خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز.

داواشمان کرد کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن . هەروەها گوتمان نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن .

هاوڕابووین لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026 ، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت.

سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەختی کردەوە کە دەرفەتی ئابووری گرنگ لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق ، لە بەسڕەوە تا هەرێمی کوردستان .

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانماندا، باسمان لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژی ڕێگەی گەشەپێدان کرد ، کە بۆ ئەم مەبەستە، بەم زووانە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت.