هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم بە ڕێککەوتنێکى 'کاتى' دەستى پێ کرد و کار لەسەر ڕێککەوتنى 'درێژخایەن' دەکرێت

27-09-2025 11:36

پەرەگراف

وتەبێژى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکوور) ڕایگەیاند "ڕێککەوتنى سێقۆڵیى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان کاتییە و کار لەسەر ئەوە دەکەین لە دواى ٣١-١٢-٢٠٢٥ـەوە ڕێککەوتنى درێژخایەن بکەین".

مایڵز کاگینز سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵى ڕووداو وتى "ئێمە پێشتر جەختمان لە ڕێککەوتنى نووسراو دەکردەوە، ئێستا ئەوەى کراوە ڕێککەوتنى نووسراوە و مافى کۆمپانیاکانى تێدا پارێزراوە".

کۆمەڵەى ئەپیکوور کە لە کۆمپانیا بیانییە وەبەرهێنەرەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان پێک دێت، وتەبێژەکەى جەخت دەکاتەوە کە "کۆمپانیاکان هەر لە ئەمڕۆوە دەست بە وەرگرتنى پارەى بەرهەمهێنانى نەوت دەکەن کە ١٦ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. پارەى کۆمپانیاکان دەخرێتە بانکى نێودەوڵەتى و کۆمپانیاکان لەو ڕێگەیەوە وەرى دەگرن".

بەپێى قسەى وتەبێژى ئەپیکوور، لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە "دەبێت هەرێمى کوردستان ڕۆژانە ٢٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، لەو بڕە ٥٠ هەزار بەرمیلى بۆ پێداویستیى ناوخۆی هەرێم دەبێت و ٢٣٠ هەزار بەرمیلى ڕادەستى سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن". دەشڵێت "کۆمەڵەى ئەپیکوور نزیکەى ٦٥%ـى ئەو بڕە نەوتە بەرهەم دەهێنێت".

دەربارەى گرێبەستە نەوتییەکانى پێشووى نێوان کۆپانیاکان و حکومەتى هەرێمى کوردستان، مایڵز کاگینز ڕایگەیاند "بەدڵنیاییەوە ئەو ڕێککەوتنانە یاسایین و لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ڕێزیان لێ گیراوە".

کاگینز  بەبێ ناوهێنانى هیچ کۆپانیایەکیش، ئاشکراى کرد کە "لە داهاتوودا کۆمپانیاى دیکە بۆ وەبەرهێنان لە نەوت و غاز دێنە هەرێمى کوردستان بۆ کارکردن".

دوای ٣٠ مانگ لە ڕاگرتنی، بەیانیی ئەمڕۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بۆریی هەرێمەوە ڕەوانەی فیشخاپوور و لەوێشەوە لە ڕێگەى بۆریى نەوتى عێراق-تورکیا ڕەوانەى بەندەری جەیهانی تورکى کرا.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە پەرەگرافی وت "نەوتەکە بەبێ هیچ کێشەیەک و سەرکەوتووانە هەناردە کرا و گەیشتووەتە خاکی تورکیا. لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراویش، سەرچاوەکە وتی "سەرجەم بەرهەمی ئێستاى نەوتی هەرێمى کوردستان کە نزیکەی ٢٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، هەناردە دەکەین، جگە لە ٥٠ هەزار بەرمیل کە بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکار دێت".

دواى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق، ڕێککەوتنى نەوتى لەگەڵ هەرێمى کوردستانى بە "هەنگاوێکى دڵخۆشکەر" ناو برد و ڕایگەیاند "نەوتەکە گەیشتووەتە کۆگاکان لە بەندەرى جەیهان". بەپێى لێدوانى وەزیرى نەوت، "بڕێکى زۆرى نەوت کۆگا دەرێت" و دواتر هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکرێت.
 
لە 25-03-2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە، دوای دەیان جار گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، هەولێر و بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن کە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم بە "مێژوویی" ناویان برد.

ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی كوردستان كە لە قۆناغی یەكەمدا هەناردە دەكرێت، "جێگیر و ‏چەسپێندراو" نییە و بەپێی زیادكردنی بەرهەمی نەوت، ئەو بڕەش زیاد دەكات. وەزارەتی نەوتی ‏عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ چاویان لەوەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتەوە 400 هەزار ‏بەرمیل، كە بەپێی یاسای بودجەیش، حكومەتی هەرێم پابەند كراوە بە ڕادەستكردنی ئەو بڕە.‏

بەر لە هێرشە درۆنییەكانی ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ئەمساڵ بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی ‏هەرێمی كوردستان، بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم 300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو، بەڵام ‏بەهۆی ئەو هێرشانەوە بۆ دەوروبەری 100 هەزار بەرمیل دابەزی، لە نوێترین لێدوانیشدا وتەبێژی ‏حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە بۆ "234 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە" بەرز بووەتەوە.‏

نەوتەكە لەلایەن كۆمپانیاكان و وەزارەتی سامانەسروشتییەكانەوە، لە پێشخاپوورەوە ‏ڕادەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور دەكرێ کە سەربە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقە، دواتر لەوێوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی دەكرێ ‏و دەخرێتە كۆگاكانی نەوتەوە، لەوێشەوە ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ سۆمۆ هەیە، ‏نەوتەكە دەكڕن و داهاتی نەوتەکە دەگەڕێتەوە خەزێنەی فیدراڵی لە بەغداد.

بەپێی ڕێككەوتنی سێقۆڵیی نەوت، دەبێت كۆمپانیای سۆمۆ خۆی پارەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-‏توركیا بدات. لە ئێستاشدا وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی نوێكردنەوەی ڕێككەوتنی هێڵی بۆریی ‏نەوتەكەیە لەگەڵ توركیا، كە لە ناوەڕاستی ساڵی 2026 كۆتایی دێت.‏

لە دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیایەكی تایبەتمەندی جیهانی ‏هەڵسەنگاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەكات، نرخی دەرهێنانی ‏هەر بەرمیلێك نەوت بەپێی ئەنجامی ڕاپۆرتی ئەو كۆمپانیا دیاری دەكرێت كە دەبێت لە ماوەی سێ‌ ‏مانگدا كارەكانی تەواو بكات، ئەمەش بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ‏عێراق بوو كە لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگیر كراوە.‏

سەرجەم كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان واژوویان لەسەر ڕێككەوتنی ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كردووە، جگە لە كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی كە ‏وەبەرهێنان لە كێڵگەی نەوتی تاوكێ‌ دەكات. ئەو كۆمپانیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند كە پشكی هەرێم لە ‏نەوت ڕادەستی سۆمۆ دەكات بۆ هەناردەكردنەوە، بەڵام پشكی خۆی لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمدا ‏دەفرۆشێت.‏