ڕێگریى وتەبێژى حکومەت لە ڕووماڵى ڕووداو؛ درێژبوونەوەى ململانێکانى نێوان مەسروور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى بۆ ناو میدیا

24-09-2025 05:41

پەرەگراف

ڕێگری لە كەناڵی ڕووداو كرا بەشداریی كۆنگرەكەی ڕۆژنامەوانیی وتەبێژی حكومەت بكات و خودی پێشەوا هەورامانی لە وەڵامی پرسیارێكدا لەوبارەیەوە، دەستەواژەی "میدیای چەواشەكار"ـی بەكار هێنا و ڕایشیگەیاند "تا ئەو كاتەی هەست بكەم پابەندیی پیشەییان هەیە"، ڕێگە بە بەشداریی كەناڵەكان دەدات. سەنتەری میترۆ قسەكانی وتەبێژی حكومەت بە "هەڕەشە لە هەموو میدیاكان، بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادیی ڕۆژنامەگەری و بازدان بەسەر یاسای ڕۆژنامەگەری" ناو دەبات.

ئەم ڕێگرییە نوێیە لە ڕووداو، درێژكراوەی ململانێی نێوخۆییەكانی نێوان مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كە لە سەرەتاكانی كابینەی دەیەمەوە دەركەوتن و دواجار گەیشتە ململانێی میدیایی تا ئاستی قەدەغەكردنی پێدانی زانیاری و دەركەوتن و لێدوانی وەزیر و بەرپرسانی باڵای حكومەت بۆ كەناڵی ڕووداو.

ئەمڕۆ لە كاتی كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مایكی كەناڵی ڕووداو نەبینرا. سەنتەری میترۆ دەڵێت "كەناڵی ڕووداو بانگهێشتی كۆنگرەكە كراوە، بەڵام كە گەیشتوون، پێیان وتراوە مایكەكەیان دانەنێن".

پەیامنێری كەناڵ8 لەوبارەیەوە پرسیاری لە وتەبێژی حكومەتی هەرێم كرد و ئەویش لە وەڵامدا بەبێ‌ ناوهێنانی ڕووداو وتی "تۆڕی میدیایی ئەوەی كە باست كرد، یان هەر كەناڵێكی دیكە، مافیان هەیە لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی مندا ئامادەییان هەبێت، تا ئەو كاتەی هەست بكەم پابەندیی پیشەییان هەیە".

"لەوانەیە ڕۆژێك ڕوو بدات كە تۆیش لەناو كۆنگرەكانی ئێمەدا نەبیت، بەڵام ئێستا پەیوەندییەكی باشمان هەیە و هەواڵەكانی حكومەت بەشێوەیەكی دروست و گونجاو دەگوازنەوە"، وتەبێژی حكومەت لە درێژەی وەڵامەكەی بۆ پەیامنێری كەناڵ8 وای وت.

قسەكانی وتەبێژی حكومەت كاردانەوەی بەدوادا هات و سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند "لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی ڕووداو و كەناڵ8، دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادیی ڕۆژنامەگەری و زانیاری و بازدانە بەسەر یاسا ڕۆژنامەگەری و ئاكارەكانی میواندری میدیاكاران".

میترۆ كە سەنتەرێكی داكۆكیكارە لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ڕایدەگەیەنێت "وەڵامەكەی وتەبێژی حكومەت، هەڕەشەیە بۆ هەموو ئەو كەناڵانەی تر بەپێی پێوەرە پیشەییەكانی وتەبێژ ڕووماڵی هەواڵەكانی حكومەت نەكەن. هەروەك جەختكردنەوەیشە لەسەر بێنرخكردنی یاسای ڕۆژنامەگەری كە ڕێگەی داوە ڕۆژنامەنووس لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا ئامادە بێت".

کێشە و ململانێکانى نێوان دوو ئامۆزاکە (نێچیرڤان بارزانى و مەسروو بارزانى)، کە لووتکەی دەسەڵاتی هەرێمیان بەدەستەوەیە، لەو کاتەوە بە تەواوەتیی دەرکەوت کە کابینەی حکومەت گۆڕدرا و مەسروور بارزانی لەبری نێچیرڤان بارزانی حکومەتی پێکهێنا.

کابینەی دەیەمى حکومەتى هەرێم هەرچەندە لە سەرتاوە وا خۆی نیشان دا کە لە ڕووی ئازادی و مافی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی لە کابینەکانی پێشتر باشترە، بەڵام هەر زوو واقیع شتێکی دیکەى نیشان دا، بەتایبەت لە ڕووى مافی ڕۆژنامەنووسان و مامەڵە لەگەڵ میدیاکان و پێدانی زانیاری.

لە ڕاپۆرتێکدا کە پەرەگراف لە مانگى ئایارى ٢٠٢٢ بە ناونیشانى (ململانێی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی سەردەکێشێت بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕۆژنامەوانی) بڵاوى کردەوە، دوو ڕۆژنامەنووسی کەناڵی ڕوودا و ئەوەیان بۆ پەرەگراف پشتڕاست کردەوە کە لێدوان بۆ کەناڵى ڕووداو لە بەرپرسانانى حکومەت قەدەغە کراوە.

سەرەتای هەمان ساڵ و لە ١١-١-٢٠٢٢، کاتیک دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی لەبارەی ڕەوشی ئازادی و مافی مرۆڤ ئەنجام دا، ڕێگە نەدرا کەناڵەکانی ئێن ئاڕتی و ڕووداو بەشداری بکەن و کۆنگرەکە بگوازنەوە.

زێباری لە کۆنگرەکەدا وتی "حکومەتی هەرێم دەیەوێت نموونە بێت لە ناوچەکە بۆ ئازادیی". پەیامنێری پەرەگراف کە ئامادەی کۆنگرەکە بوو، پرسیاری ئەوەی لێ کرد، حکومەتی هەرێم بە چ یاسایەک جیاکاری لە نێوان میدیاکاندا دەکات و ڕێگە بە هەندێکیان نادات لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان بەشدار بن، بەتایبەت کۆنگرەکانی سەرۆکی حکومەت؟

لە وەڵامدا دیندار زێباری وتی "حکومەتی هەرێم کە پرێس کۆنفرانسی هەبێت، ئازادە لەگەڵ کام کەناڵ قسە بکات و کام کەناڵ بانگهێشتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان دەکات، کەناڵەکانیش ئازادن سکاڵا لەسەر حکومەت تۆمار بکەن".

ئەوە لە کاتێکدایە ماددەی حەوت لە یاسای ڕۆژنامەگەری (ژمارە ٣٥ـى ساڵی ٢٠٠٧) دەڵێت: ڕۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی لە کۆنگرە و چالاکییە گشتییەکاندا هەیە.

ئەو دۆخەی کەناڵی ڕووداوی تێدایە، هەر لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە میدیای سەربەخۆ لە کوردستان تێی کەوتووە کە ژمارەیان زۆر کەمە و بە پەنجەکانی یەک دەست دەژمێردرێن. میدیاکان لە هەرێمی کوردستان زۆرینەیان حیزبی یاخود سەر بە سیاسییەکانن، بەتایبەت هیچ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی نییە سەربەخۆ بێت.

پەرەگراف چەندین جار بۆ بابەتی جیاواز داوای زانیاری و لێدوانی لە وتەبێژی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە. جووتیار عادل، وتەبێژى ئەوکاتى حکومەتى هەرێم، لەناو بەشێک لە ڕۆژنامەنووساندا بە "وتەبێژی کەناڵەکانی ڕووداو و کوردستان٢٤" ناو دەبرا، بەڵام دواتر ڕووداویشی بایکۆت کرد. وتەبێژى ئێستاى حکومەتى هەرێمیش کە پێشەوا هەورامییە، هەمان ڕێگاى گرتووەتە بەر و جگە لە قسەنەکردن بۆ ڕووداو، جیاکاریى گەورە لەنێوان میدیاکان دەکات و زۆر بە ئاسانى میوانداریى میدیاکانى سەر بە پارتى بەتایبەت کوردستان٢٤ و ئاڤا میدیا قبووڵ دەکات، بەڵام بچووکترین لێدوان بۆ میدیاى ئەهلى نادات.