سەرۆککۆمار لە نەتەوەیەکگرتووەکان: كاردەكەین بۆ هەمەچەشنكردنی ئابوری عێراق و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت
پەرەگراف
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە وتارێکدا لە 80هەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر عێراق، جەختیشی لە هەمەچەشنکردنی ئابوری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت کردەوە.
سەرۆککۆمار لە وتارەکەیدا لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا وتی، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، "كەمئاویی و وشكەساڵی و بەبیابانبوون هەڕەشە لە بوونی عێراق دەكات، بۆیە پێویستە توركیا و ئێران لە پرسی ئاو ئاگاداری ئەوەبن كە زیان بە عێراق نەگەیەنن".
سەرۆککۆمار ئەوەشی خستەڕوو، كاردەكەن بۆ هەمەچەشنكردنی ئابوری عێراق و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و چالاککردنی وەبەرهێنانی توانا گەورەکان، داواشی لە وڵاتانی وەبەرهێن کرد روو لە عێراق بکەن.
دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە 11-11 ئەنجام بدرێت، د.لەتیف ڕەشید وتی "وەکو پارێزەرێک کاردەکەم بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردانە و لە پڕۆسەی ئاشتیانەی گواستنەوەی دەسەڵات بەردەوام دەبین".
سەرۆککۆمار وتیشی، عێراق پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەرگرتووەو ئامادەیە ببێتە خاڵی پەیوەندی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، "بە پشتیوانی دۆستەكانمان مەترسیدارترین هەرەشەی تیرۆریستیمان تێکشکاند، هەروەها كار دەكەین بۆ سرینەوەی شوێنەواری پەلامارە تیرۆریستییەكان، هاوکات بە ئیرادەیەكی نیشتمانی كار دەكەین بۆ دامەزراندنی داهاتوویەكی ئومێد بەخش".