پەرەگراف- هەكار مەحمود
لەچوارچێوەی ئەو فشارانەی ئەمریكا لەسەر سعودیە دروستی كردووە، ئیدارەی سەرۆكی نوێی ئەمریكا بڕیاریداوە، ڕاپۆرتێكی هەواڵگری لەسەر كوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی بڵاوبكاتەوە، ئەوەش هەمان ئەو ڕاپۆرتەیە كە ترەمپ ڕێگری لە بڵاوكردنەوەی دەكرد.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردەوە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكەی داوە، كە باس لە ڕۆڵی شازادە محەمەد بن سەلمان دەكات لە كوشتنی خاشقچی دا.
بەپێی واشنتۆن پۆست، "لەسەرەتاوە بۆ ئاژانسی هەواڵگری ڕوون بوو بن سەلمان لە كوشتنی ڕۆژنامەنوسەكەدا تێوەگلاوەو بڕیاری تیرۆركردنەكەی دەركردووە"، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوو، سوربوو لەسەر پشتگوێخستنی ئەو زانیاری و ڕاستییانەی ڕاپۆرتەكە پێیگەیشتبوو ئەوەش بۆ پاراستنی شازادەی جێنشین.
واشنتۆن پۆست باسی لەوەكردووە، ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پۆپ وێدوارد بە پۆزێكەوە ئاماژەی بەوە داوە، كۆنگرێس هەوڵیانداوە بن سەلمان بە بەرپرسیار دابنێن، بەڵام ئەو توانیویەتی ڕزگاری بكات.
"سەرەتای ساڵی 2019 كۆنگرێس یاسایەكی دەركرد كە دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا ئیدارەی ترەمپ ڕاپۆرتێكی ئاشكرا لە بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتمانییەوە پێشكەش بكات، بۆ دیاریكردنی ڕۆڵی هەر بەرپرسێكی ئێستا و ڕابردووی سعودیە لە كۆشتنی جەمال خاشقچی دا، بەڵام سەرۆك داواكەی پشتگوێخستووە و باسی لەوە كردووە هیچ زانیارییەك پێشكەش ناكات، دواتر كۆپییەكی ڕاپۆرتە نهێنییەكەی ئاژانسی هەواڵگری بۆ كۆنگرێس نێردراوە".
دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ڕیاز؟
جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە هەوڵی پێداچونەوەدایە بە پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ سعودیە، لەهەنگاوی یەكەمیشدا بڕیاریداوە گفتوگۆ لەگەڵ شا سەلمان پاشای سعودیە ئەنجامبدات، لەبارەی شازادە محەمەدی جێنشینی، بەمەش دەیەوێت جیاوازی شێوازی مامەڵەكردنی ئیدارەكەی دەربخات بەراورد بە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، هاوكات دوای چوونە دەسەڵات لە 20 كانونی دووەمی ڕابردوو، بایدن چەند هەنگاوێكی بچوكی ناوە تاوەكو دەریبخات بۆشاییەك هەیە لە نێوان پەیوەندییەكانی هەردوو وڵاتدا.
جین ساكی وتەبێژی سەرۆكایەتی ئەمریكا، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیارێكی دایەوە لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان بایدن و شازادە محەمەد، كە یەكێك بووە لە دۆستە نزیكەكانی ئیدارەی پێشوو.
وتەبێژەكە باسی لەوەكرد، بابەتی لەو شێوەیە لە خشتەی كارەكاندا نییەو "هاوتای بایدن شا سەلمانە، بۆیە لەكاتی گونجاودا قسەی لەگەڵ دەكات".
پشتگیری ترەمپ بۆ ڕیاز شتێكی ئاشكرابوو، بەجۆرێك دوای بوونی بە سەرۆكی ئەمریكا یەكەم پایتەخت بوو سەردانی كرد، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان گارید كۆشنەر زاوای ترەمپ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان گۆڕانكارییەكی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا كردبوو.
دۆناڵد ترەمپ، سعودیەی كردە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئیدارەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 بووە یەكەم وێستگەی گەشتی سەرۆكایەتی، بەوپێیەی سعودیە سەركردەی جیهانی ئیسلامییە، هەروەها زۆرترین قازانجی دەدا بە بەرهەمەكانی چەكو پێداویستی بەرگریی ئەمریكا.

ساڵی 2018 ترەمپ لە كۆشكی سپی پێشوازی لە جێنشینی سعودیە كرد، كار گەیشتە ئەوەی بڵێت پەیوەندییەكەیان "هاوڕێیەتییەكی گەورە"یە، لەو كاتەدا وتیشی "لەیەكتر تێدەگەین".
داهاتووی پەیوەندییەكانی ئەمریكا - سعودیە
لەئێستادا مامەڵەكردنی ئەمریكا لەگەڵ دۆسیەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لە سیاسەتی چاوداخستن كە سەرۆكە كۆمارییەكەی ئەمریكا پەیڕەوی دەكرد، گەڕاوەتەوە بۆ پێشەنگی دۆسییە دیبلۆماسییەكانی ئەمریكا.
كارگەیشتووەتە ڕادەیەك، ئیدارەی سەرۆكە دیموكراتییەكەی ئەمریكا بە پەیوەندییەكانیدا دەچێتەوە لەگەڵ سعودیە بەهۆی دۆسییە پەیوەنیدارەكان بە مافی مرۆڤەوە، بەجۆرێك ڕۆیشتنی ترەمپ و گەڕانەوەی دیموكراتەكان بۆ كۆشكی سپی، پەیوەندییەكانی ئەمریكای بەرامبەر سعودیە سەرلەبەر هەڵگێڕایەوە.
لەسەرەتادا بایدن بڕیارێكی ترەمپی هەڵوەشاندەوە بۆ دانانی گروپی ئەنساروڵڵای سەر بە حوسییەكان لە لیستی تیرۆردا، دوای دوو هەفتە لەهاتنی سەرۆكی نوێ بۆ دەسەڵات، بڕیاریدا بەدانانی سنورێك بۆ پشتگیرییەكانی ئەمریكا بۆ هەڵمەتە سەربازییەكانی سعودیە لە یەمەن، چونكە بەڕای ئەوان ئەو هەڵمەتانە كارەساتی مرۆیی و ستراتیژی دروست دەكات.
فشاری بەردەوام
ئەمریكا لەڕێی فشارەكانیەوە داوای ئازادكردنی چالاكوانی مەدەنیو مافەكانی مرۆڤو ژنانو زیندانیانی سیاسی دەكات، وەك وەڵامدانەوەیەكیش بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریكا، سعودیە بڕیاریدا بە ئازادكردنی لوجەین هەزلول یەكێك لە چالاكوانە دیارەكان كە زیاتر لە 1000 ڕۆژ بوو لە زینداندا بوو، ئەو هەنگاوە بە دەستپێشخەرییەك دادەنرێت بۆ باشتر باسكردنی ناوی سعودیە لە لیستەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ.
چەند هەفتەیەكە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و سعودیە گەیشتووەتە نزمترین ئاست، بەتایبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی چەك، هەروەها ڕەخنەگرتن لە دۆخی مافەكانی مرۆڤ و شێوازی مامەڵە كردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا، ئەمە جگە لە بەڵێنی پێداچونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەلایەن ئەمریكاوە.
هاوكات پلانی ئیدارەی بایدن بۆ بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكە كە لەمێژە چاوەڕوان دەكرێت و تایبەتە بە فەرمانی شازادە محەمەد بن سەلمان بۆ كوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی، بە یەكێكی دیكە لە فشارەكان دادەنرێت بۆ سەر ڕیاز.
جەمال خاشقچی كێ بوو؟
جەمال ئەحمەد حەمزە خاشقچی، ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندكارێكی دیاری سعودی بوو، ساڵی 1958 لە شاری مەدینە لەدایكبووە، لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا بەشی ڕۆژنامەوانی لە زانكۆی ئیندیانا تەواوكردووە.
لەچەندین ڕۆژنامەو كەناڵی عەرەبی لە پلە و پۆستی جیاوازدا كاری كردووە، ساڵی 2010 بووە بە بەڕێوبەری كەناڵی هەواڵی عەرەب كە خاوەندارێتییەكەی بۆ شازادە وەلید بن تەڵال گەڕاوەتەوە.
ساڵی 2017 بەهۆی ڕێگریكردن لە نوسینەكانی سعودیەی جێهێشتووەو چۆتە ئەمریكا، لەوێ ستونێكی لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا هەبووە و ڕەخنەی لە حكومەتی سعودیە گرتووە، بەتایبەت لە شازادە محەمەد بن سەلمانی جێنشین.
لە 2ی تشرینی یەكەم ساڵی 2018 بۆ ئەنجامدانی چەند كارێك چووە ناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری ئەستەمبوڵ، ئەوەش بووە دوا دیمەنو دەركەوتنی ئەو ڕۆژنامەنووسە.
پۆلیسی توركیا لە ڕۆژەكانی سەرەتاوە گومانی ئەوەی دەكرد لەناو كونسوڵخانەی سعودیەدا كوژرابێت، بەڵام سعودیە جەختی دەكردەوە لەوەی لە دەرگای پشتەوە شوێنەكەی جێهێشتووە.
دیارنەمانی خاشقچی كاردانەوەی فراوانی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، دواجار سعودیە دانی بەوەدا نا لەناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە ئەستەمبوڵ كوژراوەو داواكاری گشتی سعودیە دەستگیركردنی 18 كەسی ڕاگەیاندو وتی "لەگەڵ جەمال خاشقچی لەناو كونسوڵخانەدا بووە بە دەمەقاڵێیانو بەو هۆیەوە ڕۆژنامەنووسەكە گیانی لەدەستداوە".
هەرچەندە پەنجەی تۆمەت بۆ شازادە محەمەد بن سەلمان درێژ دەكرێت كە فەرمانی كوشتنی خاشقچی دابێت، بەڵام سعودیە دەستگیركراوەكانی دادگایی كردو بڕیاری سزای لە سێدارەدانی بۆ پێنجیان دەركردو سێ تۆمەتباری دیكەش بە 24 ساڵ زیندانیكردن سزادران.
تائێستاشی لەگەڵدابێت تەرمی جەمال خاشقچی نەدۆزرایەوەو نەدرایەوە بە كەسوكاری، گومانی ئەوە دەكرێت سعودییەكان پاش كوشتنی پارچە پارچەیان كردبێتو بردبێتیانەوە بۆ وڵاتەكەیان یاخود تەرمەكەییان بەجۆرێك لەناو بردبێت كە ئاسەواری نەمابێت.