مەسرور بارزانی و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کۆبوونەوەو نەوت و مووچەیان تاوتوێ کرد
پەرەگراف
مەسرور بارزانی و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کۆبوونەوە، سەرۆکوەزیران دەڵێت: هاوڕابوون لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت و ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان لەلایەن بەغداوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ جاشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کە وێندی گرین کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کراوە.
"پیرۆزبایی دەستبەکاربوونمان لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرد و هیوای سەرکەوتنمان بۆ خواست و جەختمان لە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە کردەوە" مەسرور بارزانی وادەڵێت.
دەشڵێت "هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیجی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کرد و پشتیوانیی و خواستی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە. هاوڕابووین لەسەر ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەست پێ بکاتەوە و حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت".