پەرەگراف
ئەمڕۆ سێشەممە 23-09-2025، سیستەمی زانكۆلاین بۆ پڕۆسەی پێشكەشكردن بۆ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی لینكی (www.regayzanko.com) كارا كرا و بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی بەردەست دەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، دەرچووان لەو ماوەیەدا دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان پڕ بكەنەوە و پێشكەشی بكەن، هەروەها دەبێت دەرچووان سەردانی خوێندنگەكانی خۆیان بكەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (Username) و (Password).
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت "لەپێناو بەرژەوەندیی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی، لە ڕێگەی ڕێكارێكی تازەوە، دەرچووان كاتێك دەیانەوێت فۆرمی زانكۆلاین پڕ بكەنەوە، پێویستە یەك ژمارە مۆبایل داخڵ بكەن و پاشان كۆدی OTPـی لە ڕێگەی كورتەنامەوە بەدەست دەگات".
وەزارەتەكە جەخت دەكاتەوە كە "زۆر گرنگە دەرچووان ژمارەی تەلەفۆنی خۆیان بەكار بهێنن، بە پێچەوانەوە ئەگەر هەر ژمارە تەلەفۆنێكی دیكە بەكار بهێنرێت، لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیار دەبن".
دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەتوانن سەردانی وێبسایتی (www.regayzanko.com) بكەن و ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەك بنچینەیەك بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكانیان. هەروەها دەتوانن سەردانی مەڵبەندەكانی ڕاوێژكاریی زانكۆكان بكەن بۆ وەرگرتنی ڕوونكردنەوەی پێویست لەسەر چۆنێتیی پڕكردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بە سیستمە جیاوازەكان، ئەمەش دەرەفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچووان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشكەش بكەن، ئاگاداری وردەكارییەكانی سیستمەكە بن و هەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەكان پڕ بكەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەكەن كە فەرمی نین و تەنیا بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەكەنەوە، چونكە وەزارەت بەرپرس نییە لە هەر هەڵەیەك لە كاتی پڕكردنەوەی فۆڕمەكانیان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانكۆكان بەپێی ڕیزبەندیی ئەو كۆلێژ و بەشانە دەبێت كە دەرچووان لە زانكۆلاین پێشكەشی دەكەن، بە ڕەچاوكردنی كۆنمرەی قوتابی، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو كۆلێژ و بەشانە دیاری بكەن كە ئارەزوو دەكەن خوێندنی تێدا تەواو بكەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانی پۆلی 12 لەگەڵ كاراكردنی زانكۆلاین، دەست بە پێشكەشكردن بكەن و كارەكانیان دوا نەخەن بۆ كۆتا ڕۆژەكانی زانكۆلاین.
بۆ ئەمساڵ (57980) دەرچووی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان) لە یەك كاتدا داواكاری بۆ زانكۆلاین پێشكەش دەكەن، بەشێوەیەك (42257) دەرچوو لە بەشی زانستی، (13826) دەرچوو لە بەشی وێژەیی، (1327) دەرچووی ئامادەیی پیشەیی، (570) دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان، داواكاری بۆ (680) بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنی (زانكۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026) لە (16) زانكۆی حكومی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكەن.
هاوكات ئەمساڵ لە ئەنجامی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی فیدراڵ، بڕیار دراوە بە دابینكردنی (400) كورسیی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ خوێندكاران و قوتابیانی 12ـی ئامادەیی هەرێمی كوردستان، بە پێچەوانەوەش دابینكردنی (400) كورسیی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خوێندكاران و قوتابییانی 12ـی ئامادەیی ناوەڕاست و باشووری عێراق. بۆ ئەم مەبەستە دەرچووان لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە ڕێگەی لینكێكی تایبەت لە وێبسایتی زانكۆلاین دەتوانن داواكاری بۆ زانكۆ و پەیمانگەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشكەش بكەن.
لە كۆتاییدا وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بە هەبوونی پەیج و ئەكاونت بە ناوی زانكۆلاین و ناوەندی وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت "ستافی وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەكاونتێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە ناوەكانی زانكۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان هەر ناوێكی دیكە نییە، بەڵكوو تاكە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەكانی لە ڕێگەی سایت و پەیجی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بەم ناونیشانە: (www.facebook.com/KRG.MOHE.Official).".