پەرەگراف
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشكرای دەكات كە هێشتا دوو كۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان بە مەرجەكانی ڕێككەوتنە سێقۆڵییەكە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ڕازی نەبوون. بەڵام هاوكات لە زاری دوو سەرچاوەی دیكەوە دەڵێت "چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی 48 كاتژمێردا هەناردەكردنەوەی نەوت دەست پێ بكات".
ئێوارەی ئەمڕۆ 22-09-2025، ڕێككەوتنی سێقۆڵیی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیا بیانییەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت واژوو كراوە، هەرچەندە هێشتا هیچ كام لەو لایەنانە بە فەرمی ڕایان نەگەیاندووە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی كەرتی نەوتەوە واژووكردنی ڕێككەوتنە سێقۆڵییەكەی پشتڕاست كردووەتەوە. لە زاری بەرپرسێكی نەوتیی ئاگادار لە ڕێككەوتنەكەیشەوە دەڵێت "ڕۆژی سێشەممە دەست بە ڕێكارە تەكنیكییەكان بۆ ئامادەكردنی بۆرییە نەوتییەكە دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی 48 كاتژمێردا دەست بە هەناردەی نەوت بكرێتەوە".
ڕێككەوتنەكە پێویستی بەوەیە كە لە كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا پەسەند بكرێت. بەرپرسانی عێراقیی ئاگادار لە ڕێككەوتنەكە بە ڕۆیتەرزیان وتووە، پلانی سەرەتایی بەو شێوەیە كە هەرێمی كوردستان "ڕۆژانە بەلای كەمەوە 230 هەزار بەرمیل نەوت" ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم گل بداتەوە.
وەكوو ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، ڕێككەوتنەكە دیاریی نەكردووە كە چۆن و كەی نزیكەی یەك ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیاكان دەدرێتەوە، ئەوەش وای كردووە دوو كۆمپانیای دیار جارێ بە ڕێككەوتنەكە ڕازی نەبن.
"گەورەترین بەرهەمهێنەری نێودەوڵەتیی نەوت كە لە كوردستان كاردەكات (كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی) و هاوبەشەكەی (كۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجی)، هێشتا لەسەر مەرجە پێشنیاركراوەكان ڕێك نەكەوتوون"، ئەم زانیارییە لەلایەن دوو سەرچاوەوە كە ئاگاداری دانوستانەكان بوون، بە ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاگەیەندراوە.
یەكێك لە سەرچاوەكان ئاماژەی بەوە داوە كە كۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەیەوێت بەردەوام بێت لە دانوستانەكان بۆ وەرگرتنەوەی نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار قەرزی خۆی كە لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لەسەر سكاڵایەكی عێراق دژی توركیا. هەرچەندە بەزوویی عێراق و توركیا و حكومەتی هەرێمیش ئامادەییان بۆ دەستپێكردنەوەی ڕاگەیاند، بەڵام مەرج و داواكاریی كۆمپانیا نەوتییەكان لەمپەر بوو.
كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەختیان لە كاركردن بە گرێبەستە نەوتییەكانی پێشووی خۆیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەكردەوە، هەروەها داوای گرەنتیی پێدانەوەی قەرزەكانیان و گرەنتیی پێدانی شایستەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێستا و داهاتوودا دەكردەوە.