ڕێككەوتنی سێقۆڵیی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر واژوو كرا

22-09-2025 01:39

پەرەگراف

ڕێككەوتنی سێقۆڵیی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر واژوو كرا و چاوەڕوان دەكرێت بە زوویی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە دەست پێ بكاتەوە.

ڕێككەوتنەكە لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان واژوو كراوە و هەرسێ لا لەسەر وردەكاریی هەناردەكردنەوەی نەوت ڕێككەوتوون.

هێشتا وردەكاریی ڕێككەوتنەكە ئاشكرا نەكراوە، بەڵام خاڵی گرنگی ڕازیكردنی كۆمپانیا ‏بیانییەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستانە بە ڕادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای ‏سۆمۆ، كە پێشتر مەرج و داواكارییەكانی ئەو كۆمپانیایانە لەمپەری بەردەم پرۆسەكە بوو‎.‎

بڕیارە دەقی ڕێككەوتنەكە سبەی سێشەممە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ‏عێراقدا پەسەند بكرێت و وردەكارییەكەی ئاشكرا بكرێت. چاوەڕوانیش دەكرێت لە ‏چەند ڕۆژی داهاتوودا ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی ‏كوردستان تەواو بكرێت و پرۆسەكە دەست پێ‌ بكاتەوە.‏

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەو بڕە نەوتەی كە لەبەردەستدایە، ڕادەستی كۆمپانیای ‏بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ـی دەكات بۆ هەناردەكردنەوە، جگە لە 50 هەزار ‏بەرمیل كە بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم بەكار دەهێنرێت.‏

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش بە ‏بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لەسەر سكاڵایەكی عێراق دژی توركیا. هەرچەندە ‏بەزوویی عێراق و توركیا و حكومەتی هەرێمیش ئامادەییان بۆ دەستپێكردنەوەی ڕاگەیاند، ‏بەڵام مەرج و داواكاریی كۆمپانیا نەوتییەكان لەمپەر بوو.‏

كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەختیان لە كاركردن بە ‏گرێبەستە نەوتییەكانی پێشووی خۆیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەكردەوە، هەروەها داوای ‏گرەنتیی پێدانەوەی قەرزەكانیان و گرەنتیی پێدانی شایستەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ‏ئێستا و داهاتوودا دەكردەوە. ‏