پەرەگراف
هەرسێ دەوڵەتی بەریتانیا، كەنەدا و ئوسترالیا بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، لە چوارچێوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ فەلەستین و ئیسرائیل. چاوەڕوان دەكرێت هەر ئەمڕۆ پورتوگالیش هەنگاوێكی هاوشێوە بنێت و دووشەممەیش فەرەنسا و ژمارەیەک وڵاتى دیکە هەمان بڕیار ڕابگەیەنن.
لە سێ بەیاننامەدا كە سەرۆكوەزیرانی ئەو سێ دەوڵەتە هاوكات دەریان كرد، ڕایانگەیاندووە كە خوازیاری "ئاشتی و ئارامی"ن بۆ هەردوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل.
كییەر ستامەر، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند "ئەمڕۆ بە ئومێدی ئاشتی بۆ فەلەستینی و ئیسرائیلییەكان و گەیشتن بە ڕێگەچارەی دوو دەوڵەت، بەریتانیا بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت".
هەروەها مارك كارنی، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بە فەرمی ناساندنی دەوڵەتی فەلەستینی ڕاگەیاند و وتی "كەنەدا خوازیاری ئایندەیەكی ئاشتیئامێزە بۆ هەردوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل".
بەریتانیا و كەنەدا یەكەمین دوو دەوڵەتی ئەندام لە گرووپی حەوت وڵاتە گەورە پیشەسازییەكەى جیهانن كە بە فەرمی دان بە دروستكردنی دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن. بڕیارە فەرەنسا و ژمارەیەك دەوڵەتی دیكەیش لە كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی نەتەوەیەكگرتووەكان كە ڕۆژی دووشەممە لە نیویۆرك دەست پێ دەكات، بڕیارێكی هاوشێوە ڕایگەیەنن.
ئیسرائیل پێشوەختە هۆشداریی لەبارەی هەر جۆرە بە فەرمی ناساندنێكی دەوڵەتی فەلەستین دابوو. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ ڕایگەیاند "دروستكردنی دەوڵەتی فەلەستین، مانەوەی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە".
نەتەنیاهوو بەڵێنی دا كە لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان دژایەتیی هەر جۆرە هەوڵێكی بە فەرمی ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین بكات.