ئەنجوومەنی دەوڵەت ڕاپۆرتەكەی لەسەر داهاتی نانەوتیی هەرێم ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد
پەرەگراف
ئەنجوومەنی دەوڵەت بە ڕاپۆرتێكی "١٧ لاپەڕەیی" وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان دایەوە. پەرلەمانتارێك ڕایگەیاند "وەڵامەكە یەكلاكەرەوە نییە و بەشێوەیەكی لاستیكی و شیكردنەوەی دوور و درێژ نووسراوە". پەرلەمانتارێكی دیكە دەڵێت "سەرۆكی ئەنجوومەنی دەوڵەت پێی ڕاگەیاندم كە بۆچوونەكانمان باشە و ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكەمان ئەرێنییە".
پاش ئەوەی دەیان كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی نەیتوانی كێشەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان یەكلا بكاتەوە، ئەوەش بەهۆی جیاوازیی بۆچوون دەربارەی داهاتە فیدراڵییەكان و پشكی حكومەتی فیدراڵ، سەرئەنجام ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەنای بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت برد وەكوو هەنگاوێك بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیە.
ئەنجوومەنی دەوڵەت پاش چەند كۆبوونەوەیەك لەسەر پرسەكە، ئەمڕۆ ڕاپۆرتەوەڵامەكەی خۆی لەوبارەیەوە تەواو كرد و كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "وەڵامەكەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بریتییە لە ١٧ لاپەڕە و بە نووسراوی ڕەسمی درایە نووسینگەی سەرۆكی حكومەت و ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیران".
بە بۆچوونی ئەو پەرلەمانتارە كوردە، "ئەگەر تا سێشەممە ڕێككەوتنە سێیقۆڵییەكەی نێوان هەرێم و بەغداد و كۆمپانیاكانی نەوت لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم واژوو بكرێ، كێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەركردنی ئاسان دەبێت، چونكە كێشە سەرەكییەكە نەوتە".
هاوكات، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "خۆم ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی دەوڵەت كۆبوومەوە و ئەو پێی ڕاگەیاندم كە وەكوو ئەنجوومەنەكە ڕاپۆرتەكەمان ئامادە كردووە و بۆچوونەكانیشیان باشە و ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكەمان ئەرێنییە".
بە قسەی ئەو پەرلەمانتارە كە بۆ میدیای یەكێتی قسەی كردووە، سەرۆكی ئەنجوومەنی دەوڵەت وتوویەتی چاوەڕێی نوێنەری هەرێم دەكەن تا بۆچوونی خۆی لەسەر ڕاپۆرتەكە دەرببڕێت".
"بەپێی زانیارییەكانم، تا ئەمڕۆیش نوێنەرەكەی هەرێم سەردانی نەكردووە، بۆیە ئەنجوومەنی دەوڵەت كارەكەی خۆی تەواو كردووە و تەنیا ئەوەی ماوە ڕاپۆرتەكەی خۆیان بنێرنەوە بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق. پێدەچێت بەبێ بوونی نوێنەرەكەی هەرێم ناچار بن ڕاپۆرتەكە بنێرن"، نەرمین مەعرووف وا دەڵێت.