ئاراستەى کوردساتى گۆڕان: بەدیلى گۆڕان هەر گۆڕانە

20-09-2025 12:11

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی كوردسات) لە سلێمانی (دیداری گۆڕانخوازان)ـی ئەنجام دا و دەڵێت "پاشەكشێی كاتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانەوە دیارە و لە واقیعیشدا دەركەوت كە بەدیلی گۆڕان هەر گۆڕانە".

لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی دیدارەكەدا، بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی كوردسات) جەخت دەكاتەوە كە "ئێستاش درەنگ نەبووە بۆ گۆڕین و بەدەستهێنانەوەی متمانە و پشتبەستن بە خەڵكی خۆمان".

دیدارەكەی گۆڕان بە بەشداریی "1420 هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازی هەرێمی كوردستان و كەركووك ناوچە دابڕاوەكان و نوێنەرایەتیی ڕەوەندی كوردی" بەڕێوە چووە، بە هەوڵێك بۆ "بەهێزكردنەوەی پەیكەری ڕێكخراوەیی و بزووتنەوەی گۆڕان و خۆئامادەكردن بۆ كۆنفرانسی گشتی" ناو براوە.

كۆنفرانسەكە ژمارەیەك بڕیار و ڕاسپاردەی دەركردووە، كە خۆی دەبینێتەوە لە "خۆئامادەكردن بۆ بەستنی كۆنفرانسی گشتیی گۆڕان، پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە سەرپەرشتیی دانا ئەحمەد مەجید بۆ كۆكردنەوەی سەرنج و پێشنیاری گۆڕانخوازان بۆ ڕێكخستنەوە و گۆڕانكاری لەناو گۆڕاندا، داڕشتنەوەی نەخشەڕێگا و گوتاری سیاسسیی گۆڕان".

پاش کۆتاییهاتنى دیدارى گۆڕانخوازان، دانا ئەحمەد مەجید سەیارەت بە بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، ڕایگەیاند "کۆمیسیۆن نەیهێشت بەشدار بین".