پەرەگراف
جەلالی سام ئاغا کەسایەتی دیارو سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، وەڵامی مایکڵ ڕۆبن نووسەری ئەمەریکی دەداتەوە کە ناوی ئەوی هێناوە وەک کەسایەتییەک بۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، لە وەڵامەکەیدا جەلالی سام ئاغا کاندیدکردنی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ڕەت دەکاتەوە، هەروەها سوپاسی مایکڵ ڕۆبن دەکات و هیوای سەرکەوتن بۆ هەر کاندیدێکی کورد دەخوازێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار.
دەقی وەڵامەکەی
بەڕێز مایکڵ روبن
پەیمانگای ئینتەرپرایزی ئەمەریکی
شاری واشنتن
ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا
بابەت: سوپاس و پێزانین
وتە بەنرخەکەتان لەسەر مەکۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ناونیشانی "سەرۆکایەتی کۆماری عێراق پێویستە بدرێتە کوردێک نەک پارتێکی سیاسی" شایستەی دەسخۆشی و بەرزنرخاندنە وکاتێکیش لە درێژەی وتارەکەتاندا ئەڵێن "کورد ئەگەر بیەوێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێزی لێبگیرێت ئەبێ کەسێکی ڕێزدار بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرێت کە کورد خۆیان لەسەردەمێکدا داینەمۆی دیموکراسی بون لە عێراقدا" کە دیارە ئەمەشیان نیشانەی دڵسۆزی و بەئەمەکیتانە بۆ گەلی کورد کە ئێوە بە دۆستێکی خەمخۆری خۆی ئەزانێت.
وێڕای سوپاس و پێزانینی خۆم کە لە وتارەکەتاندا ئێمەتان لە تەک چەند کەسایەتییەکی بەڕێزی کورد بە شایستەی پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق داناوە بۆیە لەم میانەیەدا پێم باشە پێتانی ڕابگەیەنم کە لە ساڵانی ڕابوردوشدا پێشنیاری پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانم لەگەڵدا کراو منیش بە سوپاسەوە ئەو دەسپێشخەریەشم ڕەتکردەوە لەبەرئەوەی لەو بڕوایەدا نەبوم کە پۆستێکی لەو جۆرە بتوانێت ڕووبەڕووی پەتای گەندەڵی و نادادپەروەری و پێشێلکاری بنەماکانی مافی مرۆڤ ببێتەوە، بەتایبەتیش کە من لەوەبەر وەک سەرۆکی پێشوی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆری تەمەنی خۆمم سەرفکرد لە ئامادەکردنی سەتان ڕاپۆرتی دژە گەندەڵی و ئاراستەکردنیان بۆ هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم کە بەداخەوە هیچکامیان بە ئەمجام نەگەیشت.
لە ئیستاشدا کە هەمان پەتا بەڵام بە شێوەیەکی گەلێک سەختتر سەرجەم جومگەکانی دەوڵەتی عێراقی داڕمانوە لەو بڕوایەدانیم ئەگەر بەرپرسیارێتی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرم بەتایبەتیش کە بەپێی دەستوری عێراق پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق تەنها پۆستێکی ڕەمزییەو هیچ دەسەڵاتێکی کاریگەری لە دەستدا نیە، بتوانم ویژدانی خۆمی تێدا ئاسوودە بکەم، هەروەها لەم تەمەنەشدا ئامادەنیم عەیبەیەک بەسەر خانەوادەکەم و خۆمدا بهێنم.
لە کاتێکدا هیوای سەرکەوتن بۆهەر کاندیدێکی کورد بۆ ئەو پۆستە ئەخوازم هیوادارم کە ئەو بەڕێزە پارێزەری سەنگی سیاسی گەلی کورد بێت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەو جیهاندا.
لەگەڵ ڕێزدا.
جەلالی عومەری سام ئاغا
7/9/2025