وەزارەتی دارایی هەرێم: بانكی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە ‏پڕۆژەی هەژماری من دوورخرایەوە

08-09-2025 04:19

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بانكی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی‎ (IDB) ‎لە ‏پڕۆژەی هەژماری من دوورخرایەوە و دەڵێت "بانكەكە لەمەودوا بەشێك نابێت لە پڕۆژەی ‏هەژماری من، بەهۆی سنوورداركردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكانی لەلایەن بانكی ناوەندیی ‏عێراق، لە ڕووی مامەڵەكردن بە دۆلار".‏

وەزارەتەكە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو مووچەخۆرانەی كە ئێستا لە بانكی پەرەپێدانی ‏نێودەوڵەتی تۆمار كراون، دەڵێت "لە ڕێگەی سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی هەژماری منەوە ‏پەیوەندییان پێوە دەكرێت و ئاگادار دەكرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەكانیان بۆ یەكێك لە ‏بانكەكانی دیكەی ناو پڕۆژەكە".‏

پڕۆژەی هەژماری من لە مانگی شوباتی ساڵی 2023 لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ڕاگەیەندرا.‏‎ ‎‏ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "تاوەكو ئێستا ‏‏900 هەزار و 600 مووچەخۆری حكومی لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بەبانكیكردنی ‏مووچەكانیان خۆیان تۆمار كردووە، لەو ژمارەیە 465 هەزاریان كارتی بانكییان بۆ دروست كراوە و ‏مووچەكانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن"‏‎.‎

وەزارەتی دارایی جەخت دەكاتەوە كە "پڕۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ ‏حەوت لە بانكە هاوبەش و ڕێگەپێدراوەكان"، كە ئەو بانكانە "تەواو پابەندن بە ڕێنمایی و ‏پێوەرەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی و توانای مامەڵەكردنیان بە دۆلار هەیە، ئەمەش ڕێگە بە ‏سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من دەدات لەوەی كارتە بانكییەكانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق ‏بەكاربهێنن".‏

نوێ‌ دەكرێتەوە...‏