پەرەگراف
حکومەتی هەرێم بەدوای هاوبەشیی ئەمەریکیدا دەگەڕێت و بە کاریکی گرنگی دەزانێت بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆجیای دژە درۆن، ئەوەش دوای زیادبوونی هێرشە درۆنییەکان لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا کە چەندین جار دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمیان کردە ئامانج و بەرهەمهێنانی نەوتیان ئیفلیج کرد.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەڕێم ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی ئابووری و بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانی ئەمەریکا، ئاماژەی بە هێرشە درۆنییەکان کرد و وتی، ئەکتەرە دوژمنکارەکان لە عێراق زیاتر درۆن بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنەسەر ژێرخان و هاوڵاتیانی مەدەنی.
"هەر بۆیە ئێمە بەهایەکی زۆر دەبینین لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکاندا بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئاسایشمان، تەکنەلۆجیای دژە درۆن، سیستەمی ئاسایشی مۆدێرن و پرۆگرامەکانی بنیاتنانی تواناکان" وەزیری ناوخۆ وای وت، وتیشی، ئەم هاوبەشییانە نەک تەنها کوردستان دەپارێزن بەڵکو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، کارمەندەکانیان و وەبەرهێنانەکانیان دەپارێزن.
ئەوەش دوای ئەوەدێت دوو مانگ لەمەوبەر زنجیرەیەک هێرشی درۆنیی مەترسیدار کرانەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم گروپە میلیشیاییەکانی سەربە ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکات، حکومەتی عێراقیش لەگەڵ ئەوەی لێکۆڵینەوەی کردووەو دەڵێت لایەنە هێرشکارەکان دەستنیشان کراون، بەڵام هێشتا بۆ ڕایگشتی ئاشکرا نەکردوون.
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، هێرشە درۆنییەکان، ٩ کێڵگەی نەوتیان لە پێنج ناوچەی نەوتیی هەرێم کردە ئامانج لە کۆی ٨ ناوچە کە چالاکیی نەوتییان تێدایە.هێرشەکان بەرهەمهێنانی نەوتی خاویان بە نزیکەیی ١٤٠,٠٠٠ بۆ ١٥٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوەو دوای نزیکەی ٢ مانگ لە هێرشەکان، بەرهەمهێنان ئاسایی بووەوە.
هێرشی درۆنەکان گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادی قووڵتر کردەوە کە پێشتر ئاڵۆزبوبون بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر هەناردەکردنی نەوت، داهات و تەرخانکردنی بودجە و مووچەی هەرێم.
هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێم لەرێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣وە بەهۆی ناکۆکییەکی یاسایی نێوان بەغدا و ئەنقەرە راگیراوە. ئەو دۆخە چەقبەستووە پەیوەندی بە دانوستانەکانی فراوانترەوە هەیە لەسەر دابەشکردنی داهات، داهاتی نانەوتی، و پێدانی مووچە بۆ زیاتر لە ١.٢ ملیۆن کارمەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هێشتا مووچەی مانگی حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە.