پەرلەمانتارێك بەدواداچوون بۆ قەرەباڵغییەكەی بەردەمی بانكی تی بی ئای دەكات

07-09-2025 03:37

پەرەگراف

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پاش بەدواداچوون بۆ كێشەكە، لە زاری بەڕێوەبەری بانكی تی بی ئای ڕایدەگەیەنێت "ئەو قەرەباڵغییەی لەبەردەم بانكی تی بی ئای لە سلێمانی دروست بووە، دۆخێكی كاتییە و بەهۆی زۆریی ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەوەیە كە داوای كردنەوەی ئەژماری بانكییان كردووە".

بەیانیى ئەمڕۆ لەبەردەم بانکى تى بى ئاى لە سلێمانى قەرەباڵغى دروست بوو و دەیان مووچەخۆر کە لە چوارچێوەى پرۆژەى (هەژمارى من)دا هەژمارى بانکییان لەو بانکە کردووەتەوە، چاوەڕێى وەرگرتنەوەى کارتى بانکى و وەرگرتنى مووچەکانیان بوون. هەندێک لە مووچەخۆران وتیان "ئامێرەکانى ئەى تى ئێم پارەیان تێدا نییە و تا ئێستا نەمانتوانیوە مووچەکانمان وەربگرین".

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردەوە، بۆ بەدواداچوونی كێشەی وەرگرتنەوەی كارتی بانكی و نەبوونی پارە لە ئامێرەكانی ATM ـی بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI) لە شاری سلێمانی، پەیوەندیی بە بیلال سەباح، بەڕێوەبەری گشتیی بانكەكە لە بەغداد كردووە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە جەخت دەكاتەوە كە "بەڕێوەبەری بانكی تی بی ئای بەڵێنی دا كە بەزووترین كات، بە هاوكاریی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی، ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن".