پەرەگراف
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت "هەوڵەكانمان بۆ ئازادیی كاری كەناڵی زووم هەنگاوێكی بڕی، ئەمڕۆ كلیلی ئۆفیسی كەناڵەكە وەرگیراوەتەوە".
میترۆ پێشوازی لەم هەنگاوە دەكات و جەخت دەكاتەوه كە "بەردەوام دەبین لە چاودێریی پرۆسەی ئاساییبوونەوەی دۆخی كەناڵەكە بەبێ فشار".
كەناڵی زووم كە خاوەندارێتیی بۆ لاهوور شێخ جەنگی دەگەڕێنرێتەوە، لە ڕۆژی 22ـی ئابی 2025 و دوای ڕووداوەكەی ئوتێل لالەزار، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەست بەسەر ئۆفیسەكەیدا گیرا.
پێشتر سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند "بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كەرەستە هەستیارەكانی پەخش و كۆمەڵێك لە ئامێری تری كەناڵەكە لەلایەن ئەو هێزە ئەمنییەوە زەوت كراوە و گواستراوەتەوە".
دوای دەستبەسەرداگرتنی ئۆفیسی كەناڵی زووم و بردنی كەرەستە و ئامێرەكانی پەخش و كاركردنی لەلایەن هێزێكی چەكدارەوە لە دوای ڕووداوەكانی لالەزار، سەنتەری میترۆ ئەو هێزەى بە هی سەرۆكی یەكێتی ناو برد و داوای لێ کرد "هێزەكەی" ئۆفیسى كەناڵەكە چۆڵ بكات.
كەناڵی زووم لە شوباتی 2022 مۆڵەتی لە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق و حكومەتی هەرێم وەرگرتووە. لە 29ی ئابی هەمان ساڵ لە سۆشیال میدیا خۆیان ناساند. لە 25ی حوزەیرانی 2024 پەخشی كەناڵەكەیان دەستی پێ كرد. پەخشی كەناڵەكە لەهەریەك لە نووسینگەكانی بەغداد و هەولێر و سلێمانی پێكەوە دەكرێت. 200 كارمەندیان هەیە. تاوەكو كاتژمێر 10ی بەیانی 22ی ئاب لە پەخش بەردەوام بوو.
ئەمە دووەم كەناڵی لاهوور شێخ جەنگییە لەلایەن هێزی ئەمنی و سەربازیی یەكێتییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. پێشتریش دوای پێنج ڕۆژ لە ڕووداوەكانی 8ـی تەمووز و لە ئێوارەی 13ی تەمووزی 2021دا، هێزێكی ئەمنی هەڵی كوتایە سەر كەناڵی iPLUSـی لاهوور شێخ جەنگی، بینای كەناڵ و كەرەستەكانی زەوت كرد.