لێدوانى فوئاد حسێن دەربارەى دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغداد و ناردنى مووچە

06-09-2025 01:54

پەرەگراف

فوئاد حسێن ڕایگەیاند، لێکنزیکبوونەوە تا ئاستى لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ لەسەر مەلەفەکانى داهاتى نانەوتى و نەوت هەیە و دەڵێت "بەبۆچوونى من لەم ڕۆژانەدا دەگەنە ڕێککەوتن". دەربارەى بڕیاردانیش لەبارەى ناردنى مووچەى مانگەکانى داهاتووى هەرێمەوە دەڵێت "پێویستە لیژنە هاوبەشەکان تا سێشەممە ڕاپۆرتەکانیان تەواو بکەن".

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوە و جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان وتى "ئەوەى کە پەیوەندیى بە داهاتە نانەوتییەکانەوە هەیە، هەردوولا زۆر چوونەتە پێشەوە، بە بۆچوونى من لەم ڕۆژانەدا دەگەینە لێکتێگەیشتن".

دەربارەى مەلەفى نەوتیش، ناوبراو ئاماژەى بەوە کرد کە "کێشەکە لەنێوان حکومەتى هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان یان حکومەتى فیدراڵى و کۆمپانیا نەوتییەکاندا نییە، کێشەکە سێقۆڵییە". بە بۆچوونى ئەو، "لەم ڕۆژانەدا دەگەنە ڕێککەوتن بەجۆرێک کە لێکتێگەیشتنێکى سێقۆڵى (لەسەر مەلەفى نەوت) هەبێت".

سەبارەت بە بڕیاردان لەسەر ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە کۆبوونەوەى ڕۆژى سێشەممەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقدا، ئەو وەزیرە کوردە وتى "هیوادارین لیژنە هاوبەشەکان ئەمڕۆ و سبەى و دووشەممە کارەکانیان تەواو بکەن، تا ئەو ڕاپۆرتانەى پێشکەش بە ئەنجومەنى وەزیرانى دەکەن، ئەرێنى بێت و ڕۆژى سێشەممە لەبەر ڕۆشنایى ئەو ڕاپۆرتانەدا بڕیار لەسەر مووچە بدەین".

بەپێى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، ناردنى مووچەى مانگى حەوت و مانگەکانى دیکەى هەرێم، پەیوەستە بە جێبەجێکردنى لێکتێگەیشتنەکەى نێوان هەرێم و بەغداد، کە ڕادەستکردنى نەوت و یەکلاکردنەوەى مەلەفى داهاتى نانەوتى لەلایەن لیژنەى هاوبەشەوە، دوو خاڵى سەرەکیى ڕێککەوتنەکەن.