پەرەگراف
ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بەرانبەر دیاریكردنی "زەویی بێ بەها" لە سلێمانی بۆ دابەشكردنی بەسەر مامۆستا و فەرمانبەراندا، نیگەرانی دەردەبڕێت و داوا لە شارەوانی دەكات "هەرچی زووە تاڵانكردنی زەوییەكان ڕابگرن و شوێنی شایستە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دابین بكەن".
ئەنجومەنەوە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دەسەڵاتداران بە بەرچاومانەوە زەوییە باشەكانیان بۆ خۆیان و كۆمپانیاكانیان دەبەن و خراپترینەكانیش دەدەن بە هەزاران مامۆستا كە هەموو تەمەنیان لە خزمەتكردندا بەسەر بردووە".
ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، شارەوانیی سلێمانی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "جیاوازیی كردووە و زەوییە گرانبەهاكانی بۆ فەرانبەرانی خۆیان داناوە".
"ئەو زەوییانەی دیاریكراون كە بە زیاتر لە 17 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری سنووری سلێمانی بدرێن، لە سێ خراپترین شوێنەكانی سلێمانین و هیچ بەهایەكیان نییە. ئەم ستەمە لە پێنەدان و دزینی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە كەمتر نییە"، ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وا دەڵێت.