دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناسنامەی تەقەکەران لە هێمن مامەند ئاشکرا دەکات

04-09-2025 02:48

پەرەگراف

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناسنامەی تەقەکەران لە ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند ئاشکرا دەکات و دەڵێت "كۆی پیلانەكەیان بەرنامەدارێژڕاو بووە بۆ تاوانێكی ڕێكخراو، مەبەستیان تیرۆركردنی بووە".

بەپێی ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم، تاوانەكە بە "تیم" ئەنجام دراوە و "ئەندامانی تیمەكە دەستگیر كراون"، بەڵام "دوو تۆمەتباری دیكە لە ئەنجامدەرانی تاوانەكە، بەرەو پارێزگای هەولێر هەڵاتوون".

هەرەوەها ئەو دوو كەسەی كە بە ماتۆڕسكیل كردەوەكەیان ئەنجام داوە، "دانیشتووی هەولێر-بنەسڵاوەن". دەربارەى ناسنامەیان، دەزگاى ئاسایش دەڵێت "ناویان (ش، ڕ، م، س ) و (س، هـ، ڕ، م)ـە".

كاتژمێر 07:20 خولەكی شەوی 02-09-2025، لە گەڕەكی عەقاریی شاری سلێمانی، تەقە لە ڕۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی (هێمن مامەند) كرا و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەی شار گوازرایەوە.

دواتر دەركەوت دوو فیشەك بەر قۆڵ و كەمەری ئەو ڕۆژنامەنووسە كەوتووە، بەڵام مەترسیی گەورەی لەسەر ژیانی دروست نەكرد و ئێستا باری تەندروستیی جێگیرە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم وردەكاریی ژمارەی تۆمەتبارەكان و ناسنامەیانی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام دەڵێت "لە داهاتوودا وردەكاریی پیلانەكە و زانیاری لەسەر بكەرانی ئەم هەوڵی تیرۆركردنە بۆ ڕایگشتی دەخەینە ڕوو".

ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند وەكوو پێشكەشكار لە کەناڵی ستێرك تیڤی كار ‏دەكات.