سبەینێ‌ كۆبوونەوەیەكی دیكەی نێوان شاندی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بەڕێوە دەچێت

03-09-2025 04:53

پەرەگراف

سبەینێ‌ كۆبوونەوەیەكی دیكەی نێوان شاندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە بەغداد بەڕێوە دەچێت. ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی شاندی دانوستانكاری خۆی ڕاسپارد كە "پەلە بكەن لە گەیشتن بە چارەسەری گونجاو لەپێناوی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ".

ئەمڕۆ 03-09-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكە پەیوەست بووە بە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداد، بەتایبەت "دۆسیەی پۆلێن و دەستنیشانكردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم و دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان"، كە دوو كێشەی سەرەكیی نێوان هەردوولان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت "هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیای نەوتی باكوور و كۆمپانیای سۆمۆ، كۆنووسی هاوبەشی پڕۆتۆكۆلی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتیان واژوو كردووە. ئەوەی لەسەر هەرێمی كوردستان بووە، بە زیادەوە كارئاسانیی پێویست بۆ لابردنی بەربەستەكان كراوە".

سەبارەت بە پشكی حكومەتی فیدڕاڵ لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێی وایە، ئەم بابەتە بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی و یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ ڕێكخراوە، كە دادگای فیدڕاڵییش جەختی لێ كردووەتەوە. داوایش دەكات "لە چوارچێوەی ئەم دوو یاسایە، بابەتی داهاتی نانەوتییش چارەسەر بكرێت، هەروەك لە دوابڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیش جەختی لەسەر كراوەتەوە و لیژنەیەكی تایبەتمەندی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە پێكهێنراوە".