لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمدا باسى ڕووداوەکەى لالەزار کراوە

03-09-2025 04:17
پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا، مەسروور بارزانی "نیگەرانیی قووڵ"ـی لەبارەی ڕووداوەكەی ئوتێل لالەزار دەربڕیوە و جەختی كردووەتەوە كە "پێویستە كێشە و ناكۆكییەكان لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر بكرێن، نەك توندوتیژی"، هەروەها داوای لە قوباد تاڵەبانی كردووە ڕوونكردنەوە لەبارەی ڕووداوەكەوە بدات.

لە وەڵامدا قوباد تاڵەبانی ئەوەی كە كراوە بە "پووچەڵكردنەوەی پیلان و ئاژاوەگێڕی و چەسپاندنی یاسا" ناو بردووە و ڕایگەیاندووە كە "هەوڵ هەبووە پشێوی و ئاژاوەی گەورە دروست بكرێت، پیلان هەبوو بۆ تیرۆركردنی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چوار كاتی جیاوازدا".

دەقى ڕاگەیەندراوى ئەنجومەنى وەزیران:

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە

لە سەرەتادا، سەرۆك وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد ( دروودی خوای لە سەر بێت) لە موسڵمانانی كوردستان و جیهان كرد و هیوای خواست ئەم یادە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئاشتی و ئارامی بۆ هەمووان.

پاشان لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆك وەزیران نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر ڕووداوەكانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی دەربڕی، كە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەك كەس ، سەرۆك وەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری قوربانییان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەروەها دووپاتی كردەوە كە پێویستە كێشە و ناكۆكییەكان لە ڕێگەی یاسا چارەسەر بكرێن نەك توندوتیژی.

ئینجا سەرۆك وەزیران داوای لە جێگری سەرۆك وەزیران كرد كە ڕوونكردنەوە لەبارەی ڕووداوەكان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بخاتەڕوو.
جێگری سەرۆك وەزیران، بەوردی باسی رووداوەكانی كرد، كە بەرەبەیانی رۆژی 22ی ئابی 2025 ڕوویاندا، ئاماژەی بەوەشدا؛ هەوڵ هەبووە پشێوی و ئاژاوەی گەورە دروستبكرێت و پیلان هەبوو بۆ تیرۆركردنی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چوار كاتی جیاوازدا، گوتیشی هەر بۆیە ئەوەی كە كرا پووچەڵكردنەوە ئەو پیلانە ئاژاوەگێڕییە و چەسپاندنی یاسا بووە و ئێستاش ڕێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر بۆ یەكلا كردنەوە ئەو بابەتە.

دواتر ڕێڕەوی گفتوگۆكانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، دەربارەی دۆسیەی پۆڵێن و دەستنیشانكردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم و دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران و لەیەكترگەیشتن و كۆنووسی هاوبەشی لیژنەكان.

هەریەك لە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوان و ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجامی گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە هەردوو بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان خستەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە لیژنەی دانوستانكاری هەرێم كە دڵسۆزانە ئەركی خۆیان بەجێگەیاندووە بۆ داكۆكی لە مافی مووچەخۆران و شایستە داراییەكانی هەرێم، لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانووستانكاری ڕاسپارد كە لە كۆبوونەوەكانی سبەینێیان كە وا بڕیارە لە بەغدا لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵیی ئەنجام بدرێت، بەردەوام بن لە هەوڵەكانیان و پەلە بكەن لە گەیشتن بە چارەسەری گونجاو لە پێناوی هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ، بە تایبەتیش كە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیای نەوتی باكوور و كۆمپانیای سۆمۆ، كۆنووسی هاوبەشی پڕۆتۆكۆلی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتیان واژۆ كردووە، و ئەوەی لەسەر هەرێمی كوردستان بووە، بە زیادەوە كارئاسانی پێویست كراوە بۆ لابردنی بەربەستەكان، و هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ گەیشتنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش هێرشە تیرۆریستەكانی ئەم دواییەی سەر كێڵگە و دامەزراوە نەوتییەكانی هەرێم.

سەبارەت بە بابەتی هاوبەشی پێكردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە لەوەی ئەم بابەتە، بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی و یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ ڕێكخراوە كە دادگای فیدڕاڵیش جەختی لێ كردووەتەوە، داواشی كرد لە چوارچێوەی ئەم دوو یاسایە، بابەتی داهاتی نانەوتیش چارەسەر بكرێت هەروەك لە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیش جەختی لەسەركراوەتەوە و لیژنەیەكی تایبەتمەندی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە پێكهێنراوە، تاوەكوو چیتر ئەم دوو بابەتە وەكوو پاساو و بیانوو بۆ خەرجنەكردنی مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەكارنەهێنرێت كە بە داخەوە ئێستا لە مانگی ئەیلوولین، كەچی تازە مووچەخۆران مووچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ دەنێردرێت كە پێویست بوو مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، تێكەڵی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەت نەكرێت هەروەك بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵیش جەختی لێ كردووەتەوە.