پەرەگراف
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، تاوەكو ئێستا 900 هەزار و 600 مووچەخۆری حكومی لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بەبانكیكردنی مووچەكانیان خۆیان تۆمار كردووە، لەو ژمارەیە 465 هەزاریان كارتی بانكییان بۆ دروست كراوە و مووچەكانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن.
حكومەتی هەرێم ئەمە بە "دەستكەوتێكی گرنگ" بۆ خۆی ناو دەبات، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ بەرەو دیجیتاڵیكردنی مووچەی "زیاتر لە یەك ملیۆن سوودمەند".
پڕۆژەی هەژماری من بە هەماهەنگی لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێڕاقی و حەوت بانكی ئەهلی جێبەجێ دەكرێت. تا ئێستا "نزیكەی 450" ئامێری پارەڕاكێشان (ATM)، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بۆ سوودمەندانی پرۆژەكە دانراون.
پڕۆژەی هەژماری من لە مانگی شوباتی ساڵی 2023 لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ڕاگەیەندرا.
هێشتا بەشێك لە مووچەخۆران بەتایبەت لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین خۆیان لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من تۆمار نەركردووە، داوای بەبانكیكردنی مووچەكانیان لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكان دەكەن.
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكانی عێراق بەبانكی (تەوتین) بكرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم دەڵێت، ئەو بانكانەی لەناو پرۆژەی هەژماری مندان، ڕێگەپێدراوی بانكی ناوەندیی عێراقن و دەتوانن پرۆسەی بەبانكیكردن ئەنجام بدەن.