پەرەگراف
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لێكۆڵینەوەیان لەسەر ڕووداوی تەقەكردن لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند دەستپێكردووە و بەدوای "تاوانباران"دا دەگەڕێن.
ئەمشەو 02-09-2025، لە گەڕەكی عەقاریی شاری سلێمانی تەقە لە ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند كرا و بریندار كرا، دواتر گەیەندرایە نەخۆشخانەی شار بۆ چارەسەركردن. دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت "ڕووداوەكە كاتژمێر 07:20 خولەك بووە".
دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، بە پەرەگرافی وت "هێمن مامەند دوو فیشەكی بەركەوتووە، بەڵام دۆخی تەندروستیی باشە و مەترسیی گەورەی تێپەڕاندووە".
بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، ئەو ڕۆژنامەنووسە فیشەكێك بەر قۆڵ و فیشەكێكیش بەر كەمەری كەوتووە.
بەڕێوەبەری میترۆ دەڵێت "لەلایەن كەسێكەوە كە ماتۆڕسكیلی پێ بووە، دەستڕێژی گوللەی لێ كراوە و هەڵاتووە، هێشتا تۆمەتبارەكە نەناسراوەتەوە".
ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند وەكوو پێشكەشكار لە گەناڵی ستێرك تیڤی كار دەكات. عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "دەستبەجێ لەسەر ئەم ڕووداوە، دەزگای ئاسایشی هەرێم لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە و گەڕان بەدوای بكەرانی ئەم تاوانە بەردەوامە".