وەزارەتی دارایی لەبارەی قەرزەكانی نالیا و چاڤیلاند ڕوونكردنەوە دەدات

02-09-2025 05:28

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی جەخت دەكاتەوە كە قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی "دۆسیەیەكی یاساییە" و ‏ڕایشیدەگەیەنێت "دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداریی فرۆشتن لە وادەی دیاریكراودا لە ڕۆژنامە، ‏فرۆشتنی سەرجەم موڵكە دەستبەسەرداگیراوەكان لە پڕۆسەی زیادكردنی ئاشكرا بەڕێوە دەچێت".‏

وەزارەتەكە لە ڕوونكردنەوەیەكدا، هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندن و دەزگای میدیایی بەوە تۆمەتبار ‏دەكات كە "بەبێ هەبوونی زانیاریی دروست و بەڵگەی یاسایی، هەواڵی ناڕاست لەسەر دۆسیەكە بڵاو ‏دەكەنەوە و تەفسیری جیاوازی بۆ دەكەن". دەشڵێت "مێژووی وەرگرتنی قەرزەكان بۆ ساڵی ‏‏(٢٠١٠، ۲۰۱۱) دەگەڕێتەوە و ماوەی گەڕانەوەی قەرزەكە تەنیا دوو ساڵ بووە، بەڵام دوای ‏چەندین جار ئاگاداركردنەوە، هەردوو كۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەكانی لە كاتی ‏خۆی بگەڕێننەوە".‏

ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە‎:

پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و دوای تەواو كردنی سەرجەم ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان لەلایەن ‏فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرەی سلێمانی و فەرمانگەی جێبەجێكردنی سلێمانی دەستگیرا ‏بەسەر موڵكەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی لەبەرامبەر قەرزەكانی بانكە بازرگانییەكانی سەر بە ‏وەزارەتی دارایی ، بەڵام وەك تێبینی دەكرێت لە هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندن و دەزگای میدیایی ‏بەبێ هەبوونی زانیاری دروست و بەڵگەی یاسایی هەواڵی ناڕاست بڵاو دەكرێتەوە و تەفسیری ‏جیاواز بۆ بابەتەكە دەكرێت ، بۆیە بەپێویستمان زانی لە ڕێگای ئەم ڕوونكردنەوەیە بەرچاوڕوونی ‏زیاتر بۆ ڕای گشتی و میدیاكان بخەینەڕوو‎.‎

‏١‏‎- ‎بابەتی دۆسیەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێكی یاساییە و پاش یەكلایی ‏بوونەوەی داواكە لە دادگا لەبەرژەوەندی وەزارەتمان و تەواوكردنی سەرجەم ڕێكارە یاسایی و ‏كارگێڕییەكان لە بەرامبەر كۆمپانیای نالیا و چاڤی ، وە دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداری فرۆشتن لە ‏وادەی دیاریكراودا لە ڕۆژنامە، فرۆشتنی سەرجەم موڵكە دەست بەسەرداگیراوەكان لە پڕۆسەی ‏زیادكردنی ئاشكرا بەڕێوەدەچێت‎.‎

‏٢‏‎- ‎ئەو موڵكانەی كۆمپانیای نالیا و چاڤی كە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەپێی وێنەی تۆمار ‏بەناوی كۆمپانیای نالیا و كۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن وە لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەكان بەناوی ‏ئەو دوو كۆمپانیایەوە وەرگیراون ، بەپێی یاسا هەموو كۆمپانیایەك كەسایەتی واتایی (معنوی) ‏هەیە ، هەر بۆیە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر كۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەك تاكەكەس، وە گۆڕینی ‏خاوەندارێتی كۆمپانیا كاریگەری نابێت لەسەر كەسایەتی واتایی كۆمپانیا و ئەو قەرز و ‏پابەندییانەی لە ئەستۆی ماوەتەوە‎. ‎

‏٣‏‎- ‎مێژووی وەرگرتنی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠١٠ ، ۲۰۱۱ ) ‏كە ماوەی گەڕانەوەی قەرزەكە تەنها دوو ساڵ بووە ، دوای چەندین جار ئاگاداركردنەوە هەردوو ‏كۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەكانی لەكاتی خۆی بگەڕێننەوە ، لەساڵی ۲۰۱٥ وە ‏ئەم دۆسیەیە لە دادگا كاری لەسەر دەكرێت تاوەكو دواجار لە ساڵی ۲۰۲۱ دۆسیەكە لە ‏بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی یەكلایی بووەوە و ڕێكاری یاسایی پێویست گیرایەبە.‏

‏٤‏‎- ‎لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرزەكانیان كۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لەیاسا بارمتەكانیان چەند ‏جارێك گۆڕیبوو، دواین جار چوار پارچە زەویان وەك بارمتەی قەرزەكە دانابوو كەدووجار یاسا ‏شكێنی تیا كرا بوو ، یەكەم ئەو زەویانە لەبنەڕەتدا سەوزایی و خزمەتگوزاری و شەقام بوون لە ناو ‏ئەو پرۆژەیەی قەرزەكەی بۆ وەرگیرابوو، كەئەوەش مافی خاوەندارێتی بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە ‏لەڕووی یاساییەوە بەهیچ جۆرێك نافرۆشرێت و ناخرێتە زیادكردنی ئاشكراوە، دووەم ئەو ‏خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو زەویانە كرابوو چەند هێندەی نرخی بنەرەتی زەویەكان بوو ، دوای ‏هەوڵدانێكی زۆرو كاری چڕو پڕ هەموو ئەو پێشێلكارییە یاساییانە ڕاست كرانەوەو دۆسیەكە ‏لەلایەن دادگاوە پلەی كۆتایی وەرگرت و نیشانەی گلدانەوە لەسەر موڵكەكان دانراو داوا ‏لەفەرمانگەی جێبەجێكردن كرا ڕێكاری پێویست بۆ فرۆشتنی موڵكەكان بەشێوەی زیادكردنی ‏ئاشكرا بگرێتە بەر، لەنێو سەدان موڵكی كۆمپانیای نالیا و چاڤی (٦٠ ) موڵك دەستنیشان كران كە ‏سەرجەمیان شایستەی فرۆشتنن بەپێی وێنەی تۆمار‎ .‎

دووپاتی دەكەینەوە وەزارەتی دارایی پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و بەپێی بەڵگەنامە یاساییەكان كار ‏لەسەر دۆسیەكان دەكات ، بۆیە بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا سەرجەم ئەو لایەن و كۆمپانیایانەی ‏قەرزاری بانكەكانی وەزارەتن و لەكاتی خۆی پابەند نەبوون بەگەڕانەوەی قەرزەكان، سەرجەمیان ‏ڕێكاری یاسایی و ئیداریان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەست بەسەر ئەو موڵكانە گیراوە كەكاتی خۆی ‏وەك بارمتە لەبری وەرگرتنی قەرزەكە دایان ناوە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوشدا توانراوە ‏بەبەهای زیاتر لە ( ١١٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو دە ملیار دینار دەست بەسەر موڵكی خاوەن ‏قەرزەكان بگیرێت و لەسەر وەزارەت تۆمار بكرێت، هەروەها بڕی زیاتر لە ( ٢٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) ‏بیست و پێنج ملیار دیناریش قەرز بەشێوەی كاش گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی‎.‎
وەزارەتی دارایی و ئابووری
‏٢‏‎ ‎ی ئەیلوولی ٢٠٢٥‏