پەرەگراف
سۆران عومەر نامەیەک دەداتە دەستی سوودانی کە سێ داواکاریی لەسەر نەوت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێدایە.
ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی دادگەری بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە بەغداد، ئەندامی شاندەکەی کۆمەڵ بووە و بە دەستی خۆی لە کۆبوونەوەکەدا نامەکەی بە سوودانی داوە.
لە خاڵی یەکەمی نامەکەدا، سۆران عومەر داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە "سزای ئەو کەسانە بدات کە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆنترۆڵی نەوت و داهاتی هەرێمیان کردووە"، نەک مووچەخۆران کە دەوامی خۆیان دەکەن و مووچەیان پێ نادرێت.
داواکارییەکی دیکەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەیە کە سوودانی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێم ڕانەگرێت.
سێیەم داواکاریی سۆران عومەر لە سوودانی، ئەوەیە کە "بڕیاری کۆتایی و چارەنووسساز" لەسەر دۆسیەی هەرێم بدات، بە جۆرێک کە "خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بکات و پرسی مووچە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت جیا بکاتەوە".

