سوودانی: ڕێگە نادەم هاووڵاتیان باجی ناكۆكییەكان بدەن

02-09-2025 02:01

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری تاوتوێی پەیوەندی و كێشەكانی نێوان ‏هەرێم و بەغداد دەكەن. سوودانی جەخت دەكاتەوە كە ڕێگە نادات هاووڵاتیان "چ لە هەرێم یان ‏پارێزگاكانی دیكە"ـی عێراق، باجی ناكۆكییەكان بدەن.‏

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە نووسینگەی خۆی لە بەغداد پێشوازیی لە عەلی ‏باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كرد. نووسینگەی سوودانی دەڵێت، تاوتوێی دۆسیەكانی ‏نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێككەوتنەكانی پەیوەست بە شایستە ‏داراییەكان و كاریگەریی پابەندبوون بە جێبەجێكردنیان لەسەر هاووڵاتییانی هەرێم، كراوە.‏

لە كۆبوونەوەكەدا سوودانی وتوویەتی "حكومەت لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە ‏هاووڵاتییانی لە سەرانسەری عێراقدا، هەوڵی داوە چارەسەری دەستووری و یاسایی و یاسادانانی ‏گونجاو بۆ پرسی شایستە داراییەكان و سووككردنی باری سەرشانی هاووڵاتییانی هەرێم ‏بدۆزێتەوە".‏

سوودانی جەختیشی كردووەتەوە كە "ڕێگە نادات ناكۆكییەكان ببنە هۆكارێك بۆ ئەوەی هاووڵاتی ‏باجێكی قورس بدات، چ لە هەرێم بێت یان لە پارێزگاكانی دیكە".‏

‏"عەلی باپیر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە دابینكردنی ‏مافەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و پەرۆشیی بۆ بەردەوامیدانی سەقامگیری و ‏خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری وڵاتدا دەربڕی"، نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق وا دەڵێت.‏