نەوەی نوێ: بڕیارەکەی دادگا چاوەڕوانکراو بوو، خۆشەویستتر دەبین و ئامادەین بۆ هەڵبژاردن
پەرەگراف
نەوەی نوێ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای سلێمانی بۆ سزادانی شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ زیندانیکردن بڵاوکردەوەو دەڵێت: بڕیارەکەی دادگا چاوەڕوانکراو بووەو دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید خۆشەویستتریان دەکات و ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
"بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای سلێمانیی بۆ ئێمە و هەموو خەڵکی ئازیزی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانکراوبوو، چونکە تەوقیتی دەستگیرکردنی کاک شاسوار و هەڵکوتانەسەرماڵەکەی لەنیوەشەودا لەلایەن هێزێکی دامامکدارەوە و نەبوونی هیچ بەڵگە و شایەتێک لە کەیسەکەدا، بە ڕوونی پێیگوتین چ دەرئەنجامێک لە بڕیاری دادگا دەکەوێتەوە" جوڵانەوەی وادەڵێت.
نەوەی نوێ هێرشی تووند دەکاتەسەر دوو حیزبی حکومڕانی هەرێم، پارتی و یەکێتی، دەشڵێت "ئەوە بە بنەماڵەی تاڵەبانیی و بارزانیی دەڵێین کە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی لەناو خەڵک خۆشەویستتر دەکات و ئێمە نەک هەر سارد نابینەوە، بەڵکو کارێک دەکەین کاک شاسوار و خەڵکی هەرێمی کوردستان سەریان پێمان بەرز بێت".
"لەئێستاوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە ١١/١١ی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێ هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ئامادەین. هەڵبژاردنێک کە دڵنیاین خەڵک سزای ئەم دەسەڵاتە ناشەرعیی و چەتەیەی پارتیی و یەکێتیی دەدات" نەوەی نوێ وادەڵێت.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزا درا.
سەرۆکی نەوەی نوێ لەلایەن شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی جوڵانەوەکە، تۆمەتبار کرابوو بە "ناوزڕاندن و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ".