پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: سلێمانی وەکچۆن هەمیشە بە شاری ئازادیی کاری سیاسی و ئازادیی رادەربڕین ناسراوە، لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەر وەک شاری ئازادییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رێگە بە دروستبوون و جموجوڵی میلیشیا و هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.
جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد ئەلحەسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له عێراق باسیان لە پێویستیی سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە دامەزراوەکان کرد.
"جەختمان کردەوە رووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی لە درێژەی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و پاراستنی ئارامی و ئاسایشدا بووە" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.
دەشڵێت "روونیشمان کردەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە مافە یاساییەکانیان پارێزراو دەبێت".