پەرەگراف
سبەی سێشەممە 2ـی ئەیلوول تا كاتژمێر 12ـی شەو، دواوادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنیی خۆراك بەبێ بەرانبەر، لە دوای ئەو وادەیە پڕكردنەوەی فۆڕمەكە دەبێت بە پارە و هەر خێزانێك دەبێت 11 هەزار دینار بدات. تا ئێستا 86%ـی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان فۆڕمەكەیان پڕ كردووەتەوە و داوا دەكرێت ئەوانەی كە ماون بەزوویی پرۆسەكە ئەنجام بدەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت "هەروەها لەسەر بڕیاری بەغدا، دوای 2ی ئەیلوول، خزمەتگوزارییەكانی وەك گواستنەوە، زیادكردن و جیابوونەوەی خێزان، كارا دەبن. بۆ هەر یەكێك لەم خزمەتگوزارییانەش، بڕی سێ تا پێنج هەزار دینار بۆ هەر خێزانێك لە ڕێگەی كارتی بانكی وەردەگیرێت و ئەو پارەیەش ڕاستەوخۆ بۆ بەغدا دەچێت".
پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراك لە 6ـی ئایاری 2025 لە هەرێمی كوردستان، لە پارێزگای هەڵەبجەوە دەستی پێ كرد، پاش چەند جارێك درێژكردنەوەی وادەكەی، حكومەتی هەرێم دەڵێت "تا ئێستا لە كۆی ژمارەی گشتیی بەشداربووان كە پێنج ملیۆن و 385 هەزار و 820 كەسە، چوار ملیۆن و 638 هەزار و 672كەس فۆرمەكەیان پڕ كردووەتەوە، تەنیا 747 هەزار و 148 كەس ماوە".
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت "ئەو كەسانەی تا ئێستا فۆرمەكەیان پڕ نەكردووەتەوە، بە هۆكاری نەبوونی كارتی نیشتمانی، بوونیان لە دەرەوەی وڵات بووە، یان پشتگوێیان خستووە، یان نەشارەزان و توانای پڕكردنەوەی فۆرمەكەیان نییە، یان دوورەدەستن و دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات".
فەرمانگەكە داوا لەو كەسانە دەكات كە تا ئێستا فۆڕمەكەیان پڕ نەكردووەتەوە و كێشەیان هەیە، سبەینێ سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پسوڵەی خۆراك لە شارەكانیان بكەن و فۆرمەكە پڕ بكەنەوە.
بە تێكڕا ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا فۆرمەكانیان پڕكردووەتەوە 86% بووە، ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتییانیش لە شارەكانی هەولێر: 88%، سلێمانی: 87%، دهۆك: 83% و هەڵەبجە: 89% بووە.
دابەشكردنی بەشەخۆراك و گۆڕانكارییەكان
لە ئێستادا، بەشی پێنجەمین بەشەخۆراك بەبێ لێبڕین دابەش دەكرێت لەسەر لیستی مانگی حەوت، بەڵام بەشەئاردی حەوتەم لەسەر لیستی نوێ دابەش دەكرێت و بەراورد بە مانگی ڕابردوو، 8 ملیۆن و 847 هەزار و 750 كیلۆگرام ئارد لەسەر ئاستی هەرێم بڕاوە.
بڕیارە لە بەشی شەشەمی خۆراك، كە لەسەر لیستی مانگی هەشت دەبێت، بڕی كەمكردنەوەی كەلوپەلە خۆراكییەكان بەم شێوەیە بێت، بۆ هەر كەسێك، 3 كیلۆ برنج، لیترێك زەیت، كیلۆیەك شەكر، نیو كیلۆ نیسك، نیو كیلۆ ئارینۆك و 400 گرام دۆشاو. دەبێت هاووڵاتییان ئاگاداری ئەوە بن، ئەو هاووڵاتییانەی بەشەخۆراكیان لێ دەبڕێت، ئەگەر دواتریش فۆرم پڕ بكەنەوە، قەرەبوو ناكرێنەوە و تەنیا لە مانگی داهاتوودا بەشەخۆراك و ئاردیان پێ دەدرێت.
گۆڕانكاری لە خزمەتگوزارییەكان و بڕیارەكانی دوای 2ـی ئەیلوول
دوای 2ی ئەیلوولی 2025، پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك دەبێت بە پارە. هەر خێزانێك كە فۆرم پڕ بكاتەوە، بڕی یازدە هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت بە ڕێگەی كارتی بانكی، ئەو پارەیە دەچێت بۆ بەغدا و تۆمار دەكرێتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە تا ئێستا ئەم پرۆسەیە بەبێ بەرانبەر بووە.
هەروەها، لەسەر بڕیاری بەغدا، دوای 2ی ئەیلوول، خزمەتگوزارییەكانی وەك گواستنەوە، زیادكردن و جیابوونەوەی خێزان، كارا دەبن. بۆ هەر یەكێك لەم خزمەتگوزارییانەش، بڕی سێ تا پێنج هەزار دینار بۆ هەر خێزانێك لە ڕێگەی كارتی بانكی وەردەگیرێت و ئەو پارەیەش ڕاستەوخۆ بۆ بەغدا دەچێت.