پەرەگراف
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی لە سلێمانی قسەی بۆ پەرەگراف کردو ئەوەی ڕەتکردەوە لە شەڕەکەی لالەزاردا هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بێسەروشوێن بێت و وتی: ئەو کەسە ئەمەریکییە دەستگیرکراوەو دۆسیەکەی یاساییەو کونسوڵخانەی ئەمەریکاش ئاگادارە.
ئەو کەسە سەربازێکی خانەنشینی ئەمەریکییەو پێدەچێت بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزی دووپشکی لاهور شێخ جەنگی لەلازار بووبێت.
لە وەڵامی پرسیاری هەبوونی هاووڵاتیی ئۆکرانی لەناو دەستگیرکراوانی لالەزاردا، ئەو سەرچاوەیە وتی: هیچ کەسێکی ئۆکرانیی دەستگیر نەکراوە.
لەبارەی دەنگۆی بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک کەس و نادیاریی چارەنووسیان و کوژرانی ژمارەیەکی زیاتر لەو 5 کەسەی تا ئێستا ڕاگەیەندراوە(3 لە هێزە ئەمنییەکان و 2 لە چەکدارانی لالەزار)، سەرچاوەکەی پەرەگراف وتی "ئەوەی لەوێ بووبێت دەستگیرکراوەو لە ئاسایشەو کەسوکاریان دەتوانن سەردانیان بکەن. کوژراوی زیاتریش ڕاست نییە جگە لەو 5 کەسە".
پێشتریش سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە سلێمانی، لەبارەی ئازادکردنی دەستگیرکراوان بە پەرەگرافی وت "لە ڕۆژانی داهاتوودا زۆرینەیان ئازاد دەکرێن دوای ئەوەی بەڵێننامەیەکیان پێ پڕدەکرێتەوە".
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە شەڕی لالەزاردا 162 کەس دەستگیرکراون کە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ڕێبوار حامید حاجی غالی فەرماندی هێزی دووپشکیان تێدایە.
دوێنێش باڵیۆزخانەی ئۆكرانیا لە عێراق ڕایگەیاند: بە توندی ئەو زانیارییە ناڕاستانە رەتدەکەینەوە، كە لە هەندێك دەزگای راگەیاندن بڵاوكراونەتەوە، گوایە لایەنی ئۆكراینی تێوەگلاوە لە ئامادەكردن یان راهێنانی ئەو كەسانەی لە كار و چالاكیی نایاسایی لەسەر خاكی عێراق یان هەرێمی كوردستان تێوەگلاون.
باڵیۆزخانەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا وتیشی "ئۆكراینا هەرگیز هیچ كارێكی لەم شێوەیەی ئەنجام نەداوە و نایدا، كە پەیوەندی بە راهێنانی چەكدار یان بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ بەكارهێنانی نایاسایی لە دەرەوەی وڵاتەكەمان هەبێت. ئەم جۆرە بانگەشانە زانیاریی ناڕاست و بێ بنەمایە. بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست و هەڵە بە هەوڵێك بۆ لەكەداركردنی ئۆكراینا و سەركردایەتییەكەی دەزانین".
باڵیۆزخانەکە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەكات، "تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمیی و پشتڕاستكراوەكان ببەستن و خۆیان لە بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و زانیارییە ناڕاستەكان بەدوور بگرن".
ئەوە لەکاتێکدایە لە دۆسیەی چەکدارانی لالەزاردا، کاتێک ئاسایشی سلێمانی ڤیدیۆی دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە، ناوی ئۆکرانیایان هێنا کە گوایە سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووەو ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی درۆن کردووە.
لە یەکێک لە دراماتیکیترین ڕووبەڕووبوونەوەکانی چەندساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان بە چەکی قورسەوە چوونەسەر بارەگای لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل بەمەبەستی دەستگیرکردنی، بەڵام ناوبراو ڕوبەڕوبوونەوەی هەڵبژارد و دوای شەڕێک کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند و بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس، بە دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و هێزەکەی کۆتایی هات.
پێکدادانەکان لە ئوتێل لالەزار ڕوویاندا کە موڵکێکی فراوانە و لەدوای جیابوونەوەی لە یەکێتی لە ساڵی ٢٠٢١وە بارەگای سەرەکیی لاهورو هێزەکەیەتی، بەرپرسانی ئەمنیی و دادوەریی ڕایانگەیاند کە هێزەکان فەرمانی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانیان پێبووەو لە دادگا بەپێی ماددەی ٥٦ی یاسای سزادانی عێراقی داواکراون، کە تایبەتە بە پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان کە پەیوەندی بە ئاسایشی وڵاتەوە هەبێت.
دەیان ئۆتۆمبێل سوتێنران و خانوو و دوکانەکانی نزیک لالەزار زیانێکی بەرچاویان بەرکەوت لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی تەقەکاندا.
دوای دەرکردنی لە یەکێتی بەهۆی ڕووداوەکانی 8ی تەموزی 2021، لاهور بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێی بە ناوی (بەرەی گەل) دامەزراند و هاوشان لەگەڵ کارە سیاسییەکەیدا، هێزی دووپشکی دروستکرد کە بوو بە نزیکەی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ چەکدار مەزەندە دەکرا و خاوەنی چەکی سووک و مامناوەند بوون. لە کاتێکدا لاهور شێخ جەنگی جەختی دەکردەوە کە هێزەکە بۆ خۆپاراستنە، بەڵام یەکێتی وەک هێزێکی میلیشیایی مەترسیدار سەیریان دەکرد.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان(سلێمانی) دەڵێت، ئەو كەسانەی لالەزار كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، "پلانیان هەبووە بە بەكارهێنانی هێزی میلیشیا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی تیرۆر بكەن".