پەرەگراف
كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جەلالی سام ئاغا كەسایەتی دیارو سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، دڵنیایی دەدات لە باشیی دۆخی تەندروستیی.
جەلالی سام ئاغا بۆ پەرەگراف وتی "ئێوارەی ئەمڕۆ كاك كۆسرەت پەیوەندیی پێوەكردمو لە دۆخی تەندروستییم پرسی، كاك كۆسرەت دڵنیای كردمەوە كە تەندروستیی زۆر باشە".
جەلالی سام ئاغا ئەوەشی خستەڕوو، كۆسرەت ڕەسوڵ گوتویەتی، دوای تەواوبوونی چارەسەرە پزیشكییەكانی دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندیی یەكێتی، چەند ڕۆژێكە لە سویدەو چارەسەری پزیشكیی وەردەگرێت.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە وەڵامی دەنگۆكان لەبارەی دۆخی تەندروستیی كۆسرەت ڕەسوڵ، دەربازی كوڕی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا وتی "زۆر سوپاسی پەرۆشی خەڵكی كوردستان دەكەین، كە پەرۆشی تەندروستی جەنابی كاك كۆسرەتن، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە تەندروستی كاك كۆسرەت زۆر باشە. دار كرمی لەخۆی نەبێ تەمەنی هەزار ساڵە".