باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق ڕەتی دەکاتەوە تێوەگلابن لە ڕاهێنان بە چەکدارانی لالەزار
پەرەگراف
باڵیۆزخانەی ئۆكرانیا لە عێراق ڕایگەیاند: بە توندی ئەو زانیارییە ناڕاستانە رەتدەکەینەوە، كە لە هەندێك دەزگای راگەیاندن بڵاوكراونەتەوە، گوایە لایەنی ئۆكراینی تێوەگلاوە لە ئامادەكردن یان راهێنانی ئەو كەسانەی لە كار و چالاكیی نایاسایی لەسەر خاكی عێراق یان هەرێمی كوردستان تێوەگلاون.
باڵیۆزخانەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەشڵێت "ئۆكراینا هەرگیز هیچ كارێكی لەم شێوەیەی ئەنجام نەداوە و نایدا، كە پەیوەندی بە راهێنانی چەكدار یان بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ بەكارهێنانی نایاسایی لە دەرەوەی وڵاتەكەمان هەبێت. ئەم جۆرە بانگەشانە زانیاریی ناڕاست و بێ بنەمایە. بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست و هەڵە بە هەوڵێك بۆ لەكەداركردنی ئۆكراینا و سەركردایەتییەكەی دەزانین".
باڵیۆزخانەکە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەكات، "تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمیی و پشتڕاستكراوەكان ببەستن و خۆیان لە بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و زانیارییە ناڕاستەكان بەدوور بگرن".
ئەوە لەکاتێکدایە لە دۆسیەی چەکدارانی لالەزاردا، کاتێک ئاسایشی سلێمانی ڤیدیۆی دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە، ناوی ئۆکرانیایان هێنا کە گوایە سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووەو ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی درۆن کردووە.