پەرەگراف
حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمار کرا، ئەمساڵ ٩ کەس تووشبوون و ٢ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند: "حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، ئەویش پیاوێکی دانشتووی شاری سیمێل/ تەمەن (43) ساڵ پیشەی قەساب، بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە".
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بن، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە، هاوڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
"تا ئێستا دوای بوونی چەندین حالەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام تەنها نۆ حالەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە کە بەداخەوە دوو حالەت لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانیان لەدەستدا و حالەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوون" وەزارەتی تەندروستی وادەڵێت.
تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. نیشانەكانی تای خوێنبەربوونیش ئەوەیە؛ نەخۆشەكەتووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوەببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.