پەرەگراف
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی "ئەنجامدەرانی كردەوە تیرۆریستییەكەی شارەزوور و دانانی ئاڵای داعش لە گوندی بەردەڕەشی سەر بە قەزای سەیدسادق"ی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم "ڕۆژی ٢٤/١/٢٠٢١ لە چەند هەڵمەتێكدا لە قەزای سەیدسادق، هەر سێ تیرۆریست (ج.ع) و (ع.ع) كە هەردووكیان برا بوون، لەگەڵ (ع.ع.ح) دەستگیر كران كە پیلاندانەر و ئەنجامدەرانی كردەوە تیرۆریستییەكە بوون" .
هەروەها ئاسایشی هەرێم دەڵێت "لە ئۆپراسیۆنێكی دیكەدا رۆژی ٢٨ / ١ لە قەزای سەیدسادق (ز.م) دەستگیر كرا. لە هەمان رۆژ بە تاوانی هاوبەش، ئەندامانی سەرجەم خێزانی تیرۆریستی تاوانبار (ج.م) دەستگیر كران، كە پێكهاتبوون لە دایكی بە ناوی (ب.ك) و دوو خوشكی بە ناوەكانی (ب.ع / ز.ع / ف.ع) لەگەڵ هاوسەری تیرۆریست (ج.م) بە ناوی (ب.ع)".
دەقی ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم:
پاش ئەوەی رۆژی ٢٥/١٢/٢٠٢٠ لە نزیك گوندی میرەدێ لەسەر رێگای سەرەكی (قەزای شارەزوور-دەربەندیخان) ئاڵایەكی داعش هەڵكرا، لەسەر بڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ژورێكی لێكۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، پێكهێنراو راستەخۆ لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم كەیسە دەستیپێكرد و چەندتیمێك دەستبەكاربوو .
ئەوەبوو لەهەمان كاتی بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و بەڵگە، دوای یەك هەفتە لەڕۆژی (٢ /١/٢٠٢١) لەنزیك گوندی بەردەڕەشە لە قەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن نزیك گوندی كانی سپیكەی پەرخ، ئاڵایەكی تری تیرۆریستانی داعش بە هەمان شێوەی ئەوەی تر هەڵكرابوو، كە لەژێرەكەیدا عبوەی پێوەلكێنرابوو. لەكاتی هەڵگرتنەوەیەدا دووكارمەندی هێزەكانی ئاسایشی شارەزوو برینداربوون .
لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە و بەدوو ئاڕاستە، دوو تیمی لێكۆڵینەوەو سەربازی دەستبەكاربوون، لەلایەك زانیاری كۆدەكرایەوە، لە هەمان كاتیشدا كیوماڵی سنورەكەدەستپێكرد .
پاش چەند رۆژێك ماندووبوون و شەونخونی هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم (ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی)، سەرەداو و بەڵگەی دروست بەدەستهاتن و زانیاری تەواو لەسەر شانەیەكی نەنستوی تیرۆریستی داعش ئاشكرا كران و ئەندامەكانیان ناسنامەو شوێن و جێگایان دەستنیشانكراو خرانە ژێرچاودێری ورد .
رۆژی ٢٤/١/٢٠٢١ پاش رەزامەندی دادوەری بەڕێز، بەبڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، جوڵە بەهێزەكانی ئاسایش كراو لەچەند هەڵمەتێكدا لە قەزای سەیدسایدق هەر سێ تیرۆریست (ج.ع) و (ع.ع) كەهەردووكیان برابوون لەگەڵ (ع.ع. ح) دەستگیركران كە پیلاندانەرو ئەنجامدەرانی كردەوە تیرۆریستییەكە بوون
كە مەرامیان بووە دوای ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، چەند شوێن و جێگایەكی تر ی گشتی لە شارەرزوور دەستنیشانبكەن و بیان تەقێننەوە .
بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بەردەوام بوو، روونبووەوە چەند تۆمەتبارێكی تر هاوكاری ئەم كردەوە تیرۆریستی و تۆقێنەرانە بوونە و لە ئۆپراسیۆنێكدا رۆژی ٢٨/١ ئەمساڵ لە قەزای سەیدسادق (ز.م) دەستگیراكرا، لەهەمان رۆژ بەتاوانی هاوبەش، ئەندامانی سەرجەم خێزانی تیرۆریستی تاوانبار (ج. م) دەستگیركران كە پێكهاتبوون لە دایكی بەناوی (ب.ك ) و دوو خوشكی بەناوەكانی ( ب.ع / ز.ع / ف.ع) لەگەڵ هاوسەری تیرۆریست (ج.م) بەناوی (ب.ع). دەستیش گیرا بەسەر هەموو ئەو كەرەستەو كەلوپەل و پێداویستییانەی بۆ كردەوە تیرۆریستییەكانیان بەكاریانهێنابوو.
ناسنامەی تیرۆریستان
- تیرۆریستان ج. ع و ع.ع كوڕی تیرۆریست (عومەری دایس)ن - كە ئەندامی رێكخراوی القاعیدە بوو و یەكێك بووە لە چەكدارەكانی تیرۆریستانی (ئەنسار ئیسلام) لە ناوچەی هەورامان، لە سەرەتای دروستبوونی ئەنسار ئیسلام لەساڵی ٢٠٠١ بەشداری چەندین كردەوەی تیرۆریستی كرد و ساڵی ٢٠٠٣ دوای راوەدونانیان هەڵهاتوون بۆ دەرەوەی سنوری هەرێم و لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش دەكەونە ژێر كاریگەری فكری توندڕەوی تیرۆریستی .
تیرۆریست (ع.ع) ناسراو بە خەڵات لە ساڵی ٢٠١٥ لەرێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەری بیری توندڕەوی داعش و چەند جارێك هەوڵی داوە بچێتە ناو داعش و دواتر بڕیار ئەدەن لەگەڵ تیرۆریست (ج.ع) لە سنوری شارەزوور بمێنەوە و شانەیەكی نووستوی داعش دروستبكەن و چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لە سنورەكە ئەنجام بدەن .
هەر لە میانەی بەدواداچوونەكانماندا، شەوی ٣\4 2/2021 دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەر، هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دوو تیرۆریستی دیكەی عەرەبیان دەستگیر كرد، لە داهاتوودا زانیاری و ناسنامەی ئەم تیرۆریستانەش بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكەین .
لەبارەی ئەم كەیسەوە، رەوتی لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی هێزەكانمان بەردەوامە و لەبەر سەلامەتی و پاراستنی زانیارییەكان، چەندین بەڵگە و دیكۆمێنتی تر بە شاراوەیی هێڵراونەتەوە .
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش دڵنیادەكەینەوە دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەرك و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەتی كە شەونخون بێت و گیانی هێزەكانی بخاتە مەترسیەوە لەپێنا و ئاسایش و ئۆقرەیی زیاتر لەهەرێمەكەماندا، تا هەموولایەك بە ئارامی ژیان بەڕێبكەن و سەروماڵی هاووڵاتیان پارێزراوبێت
لەماوەی رابردووشدا دوور لەچاوی میدیا، چەندین پیلانی تیرۆریستان لەهەرێم شكستیپێهێنراو ئەندامەكانیان دەستگیركران و رووبەڕووی دادگاكراونەتەوە، لە ناوچەدابڕێندراوەكان و شارەكانی عێراقیش هەماهەنگ و هاوكاری بەردەوامی هێزەعێراقییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتین، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو ئاشكراكردن و دەستگیركردنی چەندین شانەی تیرۆریستی داعش و پوچەڵكردنەوەی پیلانەكانیان .
وەك هەمیشە سوپاس و پێزانینی دەزگای ئاسایش بە هاووڵاتیان (كەسوكارمان) و خەڵكی خۆمان دەگەیەنین كە هەمیشە هاوكارو هەماهەنگ بوون لەسەرخستنی ئەركەكانماندا و شكستپێهێنانی پیلانی تیرۆریستان كە مەرامیانە ژیان لەهەرێمەكەمان تێكبدەن .سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ هێزەكانی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی كەلەپاش كەمتر لەیەك مانگ ئەنجامدەرانی ئەو كردەوە تیرۆرستییەو گروپێكی شانەی نەنستوی داعشیان ئاشكراكرد و ئەندامەكانیان دەستگیركرد و رادەستی یاساو قانوونیان كرد .
هەرشاد و سەرفرازبن
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان
هاوپێچ
دانپێدانانی تیرۆرستان ....
١ - دانپێدانانی تیرۆریست (ج.ع) تەمەن ٢٥ ساڵ.
٢ - دانپێدانانی تیرۆریست (ع. ع) ناسراو بە (خەڵات) - تەمەن ٢٦ ساڵ.
٣ - تۆمەتبار (ب.ع) تەمەن ٢٣ ساڵ.