پەرەگراف
جەزا سەید مەجید بەرپرسی مەڵبەندی یەكی ڕێكخستنی سلێمانی یەكێتیو ئەندامی سەركردایەتی ئەو حیزبە بە یاوەریی هاودین مەحمود جێگری بەرپرسی مەڵبەندو ژمارەیەك لە ئەندامانی مەڵبەند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سەردانی جەلالی سام ئاغا كەسایەتی دیارو سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی كرد لە ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی.
لە سەردانەكەدا بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی، چەپكە گوڵی ڕێزو سوپاسی پێشكەش بە جەلالی سام ئاغا كرد، جەزا سەید مەجید بە ناوی خۆیو مەڵبەندەكەیو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییەوە، سوپاسو ستایشی كارەكانی جەلالی سام ئاغای كرد لە ماوەی ئەركو لێپرسراوێتییەكانیداو بە ئەستێرەیەكی گەش ناوی برد بۆ خزمەتكردنی سلێمانیو كوردستانو بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، هیوای تەمەن درێژییو تەندروستیی باشی بۆ خواست.
جەلالی سام ئاغا كەسایەتییەكی دیاری سلێمانییەو لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا دیوانی چاودێری دارایی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵیو سەرپێچی یاسایی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، هەرلەو سەردەمەدا دیوان 86 كەسی لەسەر گەندەڵیو سەرپێچی یاساییو ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.