دەزگاى ئاسایشى هەرێم فەرمانى دەستگیرکردنەکان و وردەکاریى دۆسیەى تۆمەتبارانى لالەزارى بڵاو کردەوە
پەرەگراف
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان فەرمانى دەستگیرکردنى لاهوور شێخ جەنگى و پۆڵادى براى و ئەژى ئەمین و ژمارەیەک ئەفسەرى ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستانى بڵاو کردەوە، لەگەڵ وردەکاریى ئەو تۆمەتانەى دراوەتە پاڵیان، لە نموونەى "هەوڵى دروستکردنى پشێوى لە سلێمانى و هەوڵى کوشتنى بافڵ تاڵەبانیى سەرۆکى یەکێتى".
دەربارەی هەوڵی تیرۆركردنی بافڵ تاڵەبانی، دەزگای ئاسایشی هەرێم باس لە دەستگیركردنی دوو تۆمەتبار دەكات كە "چاودێریی" جووڵەی سەرۆكی یەكێتییان كردووە و لە چوارچێوەی "هەوڵی تیرۆركردن"دا كە گەزگاكە دەڵێت "لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرپەرشتی كراوە".
فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ئەژى ئەمین، ئەفسەر لە ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، لە ڕۆژى ٢٣-٠٨-٢٠٢٥ لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانییەوە دەرکراوە، واتە دواى دوو ڕۆژ لە فەرمانى دەستگیرکردنى لاهوور شێخ جەنگى و ئەوانى دیکە.
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، لاهوور شێخ جەنگى و ئەژى ئەمینى تۆمەتبار کردووە بە دانانى "زنجیرەپلانێکى هاوبەش بۆ دروستکردنى ناسەقامگیرى لە شارى سلێمانى و پارێزگاکە بەگشتى". دەشڵێت "ئامانجى باسکراوى ئەم پلانە، بریتى بووە لە دروستکردنى ئاژاوە و پشێوى بەهۆى توندووتیژى و گێرەشێوێنى و بەئامانجگرتنى کەسایەتیى سیاسى و ئەمنى و کارمەندى حکومى".