كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی لە دوو ڕێگای دیكە دەكەونە كار

26-08-2025 05:03

پەرەگراف

ڕۆژی پێنجشەممە 28-08-2025، كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی لە دوو ڕێگای دیكە (سلێمانی ‏‏- تاسڵووجە) و (سلێمانی - واماوا) دەكەونە كار، جۆرێكی تۆماركردنی سەرپێچی لە یەكەمیان وەن ‏پۆینت (یەك خاڵ) دەبێت و لە دووەمیان كە ڕێگای دەرەوەیە پۆینت توو پۆینت (خاڵ بۆ خاڵ ‏دەبێت).‏

دەقی ڕوونكردنەوە و ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لەوبارەیەوە:‏

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانی بەڕێز دەكات كە لە ڕێكەوتی ‏‏28/8/2025 پێنج شەممە كاتژمێر 10 ی سەر لەبەیانی كامێراكانی ڕێگای نێوان سلێمانی – ‏تاسڵووجە وە بە پێچەوانەوە (كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی) دەكەونە كار و تۆماركردنی ‏سەرپێچی تیژڕەوی بە سیستەمی‎ One Point ‎و بەپێی ئەو خێراییانەی كە لە هێماكانی ‏هاتووچۆی تەنیشت ڕێگاكە دانراون تۆمار دەكات‎.‎

سەبارەت بە ڕێگای نێوان سلێمانی – وارماوا بەهەمان شێوە كامێراكان دانراون لە ڕێكەوتی ‏‏28/8/2025 كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی سزای سەرپێچی خێرایی تۆمار دەكەن بە سیستەمی‎ ‎Point to Point ‎بەپێی ئەو خێراییانەی دیاریكراوە لە ڕێگەی هێماكانی هاتووچۆوە‎.

ماوەی لێبووردن لە كامێراكانی خێرایی (حدود التسامح) بۆ ئۆتۆمبێلی بچووك (٥) كیلۆمەترە وە ‏بۆ بارهەڵگر (٣) كیلۆمەترە‎. ‎

سەبارەت بە میكانیزمی تۆماركردنی سەرپێچی تیژڕەوی لەو كامێرایانەی بە سیستەمی‎ Point to ‎Point ‎كار دەكەن، تێكڕای خێرایی لە هەموو كامێراكان هەژمار دەكرێت‎.‎

بۆ نموونە لە نێوان دوو كامێرا پێویستە شۆفێر بە خێرایی ڕیگەپێدراو كە دیاریكراوە شۆفێری ‏بكات بە پێچەوانەوە سزای دیاریكراو دەدرێت‎.‎

هەروەها لەنێوان كامێراكانی دیكەدا ئەگەر شۆفێر لەسەر تیژڕەوی بەردەوام بوو هەمان سزا ‏دووبارە دەیگرێتەوە‎. ‎

میكانیزمی سەرپێچی تۆماركردنی تیژڕەوی لە كامێراكان بەپێی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ‏ڕێكخراوە، واتە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ لە هەرێـمی كوردستان بە یەك سیستەم ‏كاردەكەن بێ جیاوازی لەو شەقام و ڕێگایانەی ناوەوە و دەرەوەی شارەكان لە هەرێم كە كامێراكانی ‏تیژڕەوی تیادایە‎.‎