پەرەگراف
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی دا و سبەینێش هەرێم 120 ملیار دینارەكە ڕادەست دەكات. تەنیا مووچەی مانگی شەشی هەرێم خەرج دەكرێت و مووچەكانی دواتر پەیوەستن بە جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەرێم و بەغداد، كە تا ئێستا زۆرێك لە خاڵەكانی جێبەجێ نەكراون و كێشە لە ڕادەستكردنی نەوت و ناكۆكی لەسەر داهاتی نانەوتی هەیە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پاش كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، سەبارەت بە پابەندبوونە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێداچوونەوەی بە ڕاپۆرتی لیژنەی وەزاری پەیوەندیدار بە پابەندبوونە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە.
هەروەها ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بە ڕادەستكردنی بڕی (120) ملیار دیناری وەكوو قیست بۆ داهاتە نانەوتییەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنە هاوبەشەكانی ڕاسپاردووە بۆ درێژەدان بە كارەكانیان. سەبارەت بە نەوتیش دەڵێت "جەخت لەسەر خێراكردنی ڕادەستكردنی دەستبەجێی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی ناو هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بەمەبەستی هەناردەكردنی لە ڕێگەی بۆریی عێراق-توركیاوە".
دەربارەی داهاتی نانەوتی كە تا ئێستا شاندی هەردوولا نەیانتوانیوە لەسەر بگەنە ڕێككەوتن و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕێنماییی دەركردووە بە پێكهێنانی تیمێكی یاسایی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشە یاساییەكانی پەیوەست بە داهاتە نانەوتییەكان، بەپێی یاسا.
كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "ئەگەر لیژنە هاوبەشەكان گەیشتنە ئەنجام، لەسەر بنەمای ئەوە مووچەی مانگەكانی تریش خەرج دەكرێ، ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام و ڕێكەوتن، ئەوە پەنا بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت یاخود دادگا دەبرێت بۆ یەكلاییكردنەوەو تەفسیری یاسا و ڕێكەوتنەكان".
بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، سبەینێ وەزارەتی دارایی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەكات و پاشان دەست بە خەرجكردنی مووچەی مانگی شەش دەكرێت.