پەرەگراف
لە یەكەم لێدوانی دوای دەستگیركردنیدا، لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی ڕووداوەكەی لالەزارەوە ڕایدەگەیەنێت كە "زووتر" نوێنەرانی ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا و حكومەتی هەرێمی ئاگادار كردووەتەوە لەوەی كە "ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن". دەشڵێت، "هیچ دانپێدانێكی بەزۆر"ـی لێ وەرنەگیراوە و لە دوای گواستنەوەی بۆ زیندانی ئاسایش لە كانی گۆمە، ڕووبەڕووی "توندووتیژی و ئەشكەنجە" نەبووەتەوە.
دوای چوار ڕۆژ لە دەستگیركردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەیان كەسی دیكە لە ڕووداوەكانی بەرەبەیانی ڕۆژی 22ـی ئەم مانگەی ئوتێل لالەزار، ئەمڕۆ 26-08-2025، شاندێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی سەرۆكی بەرەی گەل و دەستگیركراوەكانی دیكەی كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەی مافی مرۆڤ، لاهوور شێخ جەنگی ڕایگەیاندووە كە تەندروستیی "باشە" و لە "ژوورێكی تایبەت" دانراوە، "تەواوی پێداویستییەكان"ـی بۆ دابین كراوە و "بە ڤیدیۆ" لەگەڵ خێزانەكەی قسەی كردووە. تەنانەت داوای كتێبی كردووە و "كۆمەڵێك پەرتووكیان" بۆ هێناوە.
لاهوور شێخ جەنگی داوای لە تیمەكەی دەستەی مافی مرۆڤ كردووە كە دۆسیەكەی بە ڕێكاری یاسایی بڕوات و دەستەكەش چاودێریی بكات.
دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت "مافی ناوبراوە ڕێگە بە پارێزەرەكانی بدرێ سەردانی بكەن و بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پرسەش چارەسەر بكرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەكان".
هەر لە سەردانەكەدا، تیمەكەی دەستەی مافی مرۆڤ چاویان بە بەشێك لە دەستگیراوەكانی دیكە كەوتووە كە بە "ئەندامی هێزەكەی لاهوور شێخ جنگی" ناسراون و دەستەكە دەڵێت "ژمارەیان ١٦٢ كەسن". ئاسایش وتوویەتی "ڕۆژانە ڕێگە بە بەشێك لە كەسوكاریان دراوە سەردانیان بكەن و شوێنیان باشە".
دەستەی مافی مرۆڤ داوا دەكات كە "هەر كەسێك لەو ڕووداوەدا نادیار و بێسەروشوێنە، سەردانی نووسینگەی سلێمانیی دەستەی مافی مرۆڤ بكات بۆ سۆراغكردنی كەسەكانیان".
دەقی ڕاگەیەندراوەكەی دەستەی مافی مرۆڤ:
ڕۆژی سێشەممه ٢٦ی ئاب، شاندێكی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە ڕاسپاردەی سەرۆكی دەستە د. مونا یاقۆ، سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێك لە دەستگیركراوەكانیان لە شاری سلێمانی كرد.
شاندەكە لە گرتووخانەی كانی گۆمە، چاویان بە لاهوور شێخ جەنگی كەوت، لە نزیكەوە گفتوگۆیان لەگەڵ كرد و دەربارەی ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوەو ڕێكارەكان پرسیاریان لێ كرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، تەندروستیی باشە و لە ژوورێكی تایبەت دانراوە و تەواوی پێداویستییەكانی بۆ دابین كراوە، هەروەها بە ڤیدیۆ لەگەڵ خێزانەكەی قسەی كردووە. هەروەها داوای پەرتووكی كردبوو لە ئاسایش، كومەڵێك پەرتووكیان بۆ هێناوە. ئاماژەی بەوەش كرد، لەو كاتەی كە هاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لە كانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندووتیژی و ئەشكەنجەیەك نەبووەتەوە.
دواتر لاهوور شێخ جەنگی داوای كردووە كە دۆسیەكەی بە ڕێكاری یاسایی بڕوات و دەستەش چاودێریی بكات.
هەروەها لەسەر ڕووداوەكانی ئەو ڕۆژە گوتی، زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و حكومەتی هەرێمی لێ ئاگادار كردووەتەوە، كە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن.
دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە دا مافی ناوبراوە ڕێگە بە پارێزەرەكانی بدرێ سەردانی بكەن، بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پرسەش چارەسەر بكرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەكان.
هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە لە كاتی لێكۆڵینەوەكان، هیچ توندووتیژییەكی بەرامبەر نەكراوە و هیچ دانپێدانێكی بەزۆری لێ وەرنەگیراوە. هەروەها لە وەڵامی پرسیاری تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیۆكردن لە كاتی لێكۆڵینەوە، گوتی هیچ كامێرا و ئامێری تۆماركردن لە كاتی لێكۆڵینەوە نەبووە.
دواتر تیمەكەی دەستە چاویان بە بەشێك لە دەستگیراوەكان كەوت، كە وەك ئەندامی هێزەكەی لاهور شێخ جەنگی ناسراون و بەپێی بەدواداچوونی شاندەكەی دەستە، ژمارەیان ١٦٢ كەسن. ئاسایش گوتی: ژمارەی كوژراوەكانی هەردوو لا پێنج كەسن. هەروەها ئاماژەیان پێ كرد كە ڕۆژانە ڕێگە بە بەشێك لە كەسوكاریان دراوە سەردانیان بكەن. ئاماژەیان بەوە كردووە لە ئێستادا شوێنیان باشە لەو كاتەی هێنراونەتە ئاسایش، ڕووبەڕووی هیچ توندووتیژییەك نەبوونەتەوە.
دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، هەر كەسێكی نادیار و بێسەروشوێنە لەو ڕووداوەدا، دەتوانێ سەردانی نووسینگەی سلێمانیی مافی مرۆڤ بكات، بۆ سۆراغكردنی كەسەكانیان
جێی باسە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ یەكەم دامەزراوەی فەرمییە دوای ڕووداوەكانی سلێمانی سەردانی دەستگیركراوانی كردبێت.
دەستەی سەربەخۆی مافی مروڤ لە هەرێمی كوردستان
٢٦ی ئابی ٢٠٢٥