پەرەگراف
لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا. مامۆستایانی ناڕازی مەرجیان بۆ چوونەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن هەیە. كۆی پرۆسەی خوێندن و پەروەردەیش لەبەردەم مەترسیی شكست و بایكۆتكردندایە.
جووتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی هەرێم، ڕایگەیاند "لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا بڕیار درا كە 7-2-2021 لە هەموو قۆناغەكان دەست بە خوێندن بكرێتەوە".
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ وتەبێژی حكوومەت، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە وردەكاریی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكان وتی "ڕۆژی 6-2-2021 مامۆستایان و بەڕێوەبەر و ستافی كارگێڕی دەچنەوە ناو ناوەندەكانی خوێندن و ڕۆژی 7-2 یەكەم ڕۆژی خوێندن دەبێت. دەوامی خوێندن لە قوتابخانە حكوومی و ناحكوومییەكانیش بە شێوەی تەناوب دەبێت، واتە هەر قۆناغێك لە هەفتەیەكدا سێ ڕۆژ دەوام دەكات لەناو شار".
سەبارەت بە خوێندن لە "شوێنە دوورەدەست و گوندەكان"، ئالان حەمەسەعید وتی "بەو مەرجەی ژمارەی قوتابییان كەم بێت، دەوامیان سێ ڕۆژدەبێت لە هەفتەیەكدا، بەڵام بەسەر یەكەوە".
وەزیری پەروەردە جەختی كردەوە كە "هەر كاتێك بزانن كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن دەبێتە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بێ دوودڵی یەكەمین پێشنیارم ڕاگرتنی دەوام دەبێت. ئەوكاتە دەبێت قسە لەسەر بەدیلی دیكە بكەین".
"بەشێك لە دایكان و باوكان ڕەنگە ترسیان هەبێت لەوەی منداڵەكانیان بنێرنەوە بۆ ناو ناوەندەكانی خوێندن. وەزارەت بە پشتبەستن بە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان، ئیختیار دەخاتە بەردەم خێزانەكان كە هەر خێزانێك دەتوانێت خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بۆ منداڵەكەی پەیدا بكات، لە هەفتەی یەكەمدا دەتوانێت فۆڕم پڕ بكاتەوە كە ئەو قوتابییە نەگەڕێتەوە بۆ ناو ناوەندەكانی خوێندن و تەنیا بۆ تاقیكردنەوەكانی 20 و 80 لە قوتابخانەكان ئامادە دەبێت"، ئالان حەمەسەعید وای وت.
وەزیری پەروەردە تیشكی خستە سەر ئەوەیش كە "دەوام لەناو ناوەندەكانی خوێندن بە گوێرەی ڕێنمایی تەندروستی دەبێت. ئەگەر لە پۆلێكدا تووشبووی كۆرۆنا هەبێت، دەوام لەو پۆلە ڕادەگیرێت. ئەگەریش هەستمان كرد ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو قوتابخانەیەكدا بە شێوەی بەرچاو بڵاو بووەتەوە، دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەدەی پارێزگاكان دەوامی تێدا ڕابگرن".
وەزارەتی پەروەردە 16 ڕۆژی داناوە بۆ هەڵسەنگاندنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكان سەبارەت بە مەترسییەكانی كۆرۆنا و دواتر لە 23-2-2021 لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەكات و بەپێی پێویست بڕیاری نوێ دەدات.
وەكو وەزیری پەروەردە ئاشكرای كرد، لە ماوەی 16 ڕۆژی هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی "43 مامۆستا و قوتابی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لە كۆی زیاتر لە 170 هەزار قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەر كە دەوامیان كردووە". وەزیری پەروەردە ئەو ئامارەی بە "ئومێدبەخش" وەسف كرد تا هەنگاوی نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندنەوە بنرێت.
هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازییش لە سلێمانی كۆبووەوە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكانی بەبێ جێبەجێكردنی "داواكاری و ماف"ـەكانی مامۆستایان، ڕەت كردەوە.
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی ژمارەیەك داواكاریی خستە ڕوو كە گرنگترینیان بریتین لە "پێدانی مووچەی مامۆستایان بەبێ لێبڕین و هەر30 ڕۆژ جارێك، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ پێدانەوەی مووچە بەناو پاشەكەوتكراوەكان و ئەو مووچانەی بە ناوی جۆراوجۆرەوە بە تەواوی نەدراون".
هەروەها ئەنجوومەنەكە داوای "ئازادكردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و دەستگیركراوانی هەولێر و بادینان" و "جێبەجێكردنی داواكارییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ"ی كردووە.
لە بەیاننامەی هاوبەشی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، سەیدسادق، چەمچەماڵ، دەربەندیخان، تەكیە، كۆیە و شارەزووردا جەخت كراوەتەوە كە "پرۆسەی خوێندن سەركەوتوو نابێت و بە شێوەیەكی ڕاستەقینە دەست پێ ناكاتەوە ئەگەر ماف و داواكارییە ڕەواكانی مامۆستایان جێبەجێ نەكرێن".
هەروەها مامۆستایانی ناڕازی هۆشدارییان داوە كە "لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی داوا ڕەواكانمان، بێدەنگ نابین و لە ئایندەیەكی نزیكدا ناڕەزایەتییەكانمان دەست پێ دەكەینەوە".
نووسراوە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە وردەکاریی پلانی پەسەندکراو لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ - ٢ -٢٠٢١ سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن.



